ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان 'گەورە تیرۆریستێکی داعش' دەستگیر دەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی "گەورە تیرۆیستێک" بەناوی "سوقرات خەلیل، ناسراو بە عەبدوڵڵا ئەلتەفخیخ" رادەگەیێنێت، کە "کەسێکی نزیک و باوەڕپێکراوێکی گەورەی خەلیفەی داعش بووە."

بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، عەبدوڵڵا ئەلتەفخیخ لە ساڵی 2013وە پەیوەندیی بە داعشەوە کردووە و لە بەشی بۆمبڕێژکردن "تفخیخ" کاری کردووە، "رۆڵێکی گەورەیشی هەبووە لە داگیرکردنی شاری موسڵ" لە حوزەیرانی 2014 لەلایەن داعشەوە.

عەبدوڵڵا ئەلتەفخیخ، وەکو ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە تۆمارەکانی داعشدا بەناوی "ئوسامە خەلیل ئیسماعیل حەموود ئەلحەمدونی" تۆمار کراوە، چەندین پلەی ئەمیریی هەبووە و لە بەشی بۆمبڕێژکردنی ویلایەتی موسڵی داعش بووە.

ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، تاوەکو ساڵی 2017 عەبدوڵڵا ئەلتەفخیخ لە شاری موسڵ بووە و بەشداریی لە تەواوی شەڕەکانی داعش بۆ بەرگری لە موسڵ کردووە؛ دواتر چووەتە سووریا و لەوێ لەلایەن حاجی عەبدوڵڵا "ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقوڕەیشی، خەلیفەی پێشووتری داعش" چەندین ئەرکی ئەمنیی پێ سپێردراوە.

ساڵی 2018 بە فەرمانی خەلیفەی داعش و بە پاسپۆرتی فەرمی و بەناوی "عەمار حازم محەممەد" کە ناوێکی ساختە بووە، گەڕاوەتەوە موسڵ و بڕی 5 ملیۆن دۆلاری داعشی لە مەدینە قەدیمەی موسڵ دەرهێناوە و گەیاندوویەتیە دەستی قیاداتی داعش، ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا خراوەتەڕوو.

 

بەپێی ئەو ڤیدیۆی دانپێدانانەی بڵاوکراوەتەوە، ئەو کەسەی وەکو ئەندامی داعش بەناوی عەبدوڵڵا ئەلتەفخیخ دەستگیرکراوە، دەڵێت، ساڵی 2013 چووەتە نێو ریزەکانی داعش؛ دواتریش باسی چۆنێتی هێرشی داعش بۆسەر موسڵ و کۆنترۆڵکردنی دەکات.

بە گوتەی عەبدوڵڵا ئەلتەفخیخ، وەکو لە ڤیدیۆی دانپێدانانەکەیدا ئاماژەی پێدەکات، بۆ ماوەی چەند مانگێک بە پاسپۆرتی ساختە چووەتە تورکیا و دواتر نەیتوانیوە لەوێ بمێنێتەوە و گەڕاوەتەوە کەرکووک و دواتریش بەغدا، بەڵام نەیتوانیوە لەو دوو پارێزگایەش بمێنێتەوە و جارێکی دیکە بە ناسنامەی ساختە گەڕاوەتەوە تورکیا، دوات پێنج ساڵ بڕیاری داوە لە تورکیاوە بێتە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە ناسنامە ساختەکەی زانراوە و دەستگیرکراوە.