لە پەروێزخان دەست بەسەر زیاتر لە 75 هەزار لیتر سووتەمەنیی قاچاخدا گیرا

رووداو دیجیتاڵ 

لە دەروازەی سنووریی پەروێزخانی سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەست بەسەر زیاتر لە 75 هەزار لیتر سووتەمەنیی قاچاخدا گیرا. بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، بەهاکەی دەگاتە نزیکەی 35 هەزار دۆلار.
 
مەهدی حاجیان، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە ئەنجامی هەوڵی بەردەوام بۆ رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی سووتەمەنی، توانرا لە دەروازەی سنووریی پەروێزخانی سەر بە پارێزگاکە دەست بەسەر 75 هەزار و 962 لیتر سووتەمەنیی قاچاخدا بگیرێت.
 
مەهدی حاجیان گوتی، پەیوەست بە دۆسیەکە حەوت کەس دەستگیرکراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و دەست بەسەر 12 ئۆتۆمبێل و شوێنی شاردنەوەی سووتەمەنییەکەشدا گیراوە.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە، بەهای ئەو سووتەمەنییەی دەستی بەسەردا گیراوە، دەگاتە یەک ملیار و 955 ملیۆن تەمەن (نزیکەی 35 هەزار دۆلار).
 
دەروازەی سنووریی پەروێزخان دەکەوێتە نێوان شارەکانی کەلار و قەسری شیرین، کە ساڵی 2007 بە فەرمی کرایەوە.