بەشێکی زۆر لە کۆمپانیاکانی خانووبەرە کارەکانیان دەگوازنەوە شارەکانی عێراق


رووداو دیجیتاڵ 

10 ساڵە لە کەرتی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکات و ئێستا قورسایی کارەکەیان گواستووەتەوە عێراق، سێ پڕۆژەی نیشتەجێبوونی لە بەغدا وەرگرتووە.
 
کامەران دڵشاد، خاوەنی کۆمپانیای بیناسازییە لە هەرێمی کوردستان، دەڵێت: "سێ پڕۆژەمان لە بەغدا هەیە، بەڕاستی خواستێکی زۆر لەسەر کەرتی نیشتەجێبون هەیە، لەبەر ئەوەی لێرە چڕیی دانیشتووان زۆر بووە."
 
لە سێیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی عێراق تایبەت بە کەرتی بیناسازی، 135 کۆمپانیا بەشدارن. زیاتر لە 20یان لە وڵاتانی دراوسێی عێراقەوە هاتوون. 19 کۆمپانیاش لە هەرێمی کوردستانەوە بەشدارن و دەیانەوێت پشکی شێریان لەو 46 کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەی بەغدا هەبێ کە خراونەتە بەردەم کۆمپانیاکان.
 
ئیسماعیل خەیلانی، خاوەنی کۆمپانیای بیناسازییە لە هەرێمی کوردستان، دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە کۆمپانیا کوردییەکان زیاتر باوەڕپێکراون لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق، پاوەڕپێکراون و پارەی کاشیش هەیە، نرخەکانیش زۆر باشترن لە هەولێر و سلێمانی و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە گشتی، بۆیە کۆمپانیا کوردییەکان روویان لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق کردووە." 
 
هیوا عەبدوڵڵا، خاوەنی کۆمپانیای بیناسازییە، دەڵێت: چەندین پڕۆژەی گەورەمان جێبەجێکردووە لە هەولێر و هەرێمی کوردستان، ئێستاش بەرەو بەغدا و خوارووی عێراقین، چونکە لەو ناوچانە کار زیاتر بووە و ئێمەش بیر لە فراوانکردنی کارەکانمان دەکەینەوە. 
 
لە عێراق 10 ملیۆن و 400 هەزار کرێچی هەن، زۆربەیان لە بەغدان، بەدەست کەمیی و گرانی شوێنی نیشتەجێبوون دەناڵێنن. حکومەتی عێراق دەیەوێ بە دروستکردنی 240 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەو شارە، جگە لە جوانکردنی سیمای بەغدا، تا رادەیەک کێشەی کەمیی شوێنی نیشتەجێبوونیش چارەسەر بکات.
 
کێشەی نیشتەجێبوون بە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی عێراق و بەتایبەت بەغدای پایتەخت دادەنرێت. بۆ نموونە لە گەڕەکێکی کۆنی وەکو ئەم گەڕەکە کە گەڕەکی عەلاوییە نرخی هەر مەترێک خانوو بە زیاتر لە دوو ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێت. بۆ دەستخستنی خانوویێکی 100 مەتری پێویستت بە زیاتر لە 200 ملیۆن دینار دەبێت، لە کاتێکدا کە بە ئەستەم خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تێدا دابینکراوە.