لە کۆیە پیاوێک دەستڕێژی گولـلە لە ماڵەکەی خۆی دەکات؛ هاوژینەکەی، دوو کچی و دراوسێیەکی دەکوژێت

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی کۆیە ناو و ژمارەی کوژراوەکانی رووداوەکەی ئەمڕۆی بڵاوکردەوە، کە پیاوێک دەستڕێژی گولـلەی لە ماڵەکەی خۆی کردبوو، تێیدا چوار کەس کوژران و کەسێکی دیکەش بریندار بوو. کوژراوەکان ژن و دوو کچی تەقەکەرەکە و هاوسێیەکی بوون، بریندارەکەش کوڕی تەقەکەرەکەیە.
 
رۆژی چوارشەممە 17-05-2023 شیروان جەلال، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە پیاوێک دەستڕێژی گولـلەی لە ماڵەکەی خۆی کردووە و بەو هۆیەوە تاوەکو ئێستا ژنەکەی و دوو کچی خۆی گیانیان لەدەستداوە و کوڕێکیشی بریندارە.
 
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی کۆیە، رووداوەکە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ لەنزیک قوتابخانەی کۆسرەت لە گەڕەکی ئازادی بووە و تەقەکەرەکە ناوی "ر. ق"ە.
 
بە گوتەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کۆیە، جگە لە کوژرانی ژنەکەی و دوو کچی ئەو پیاوە، لەو کاتەدا دراوسێیەکیان برینداربووە و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا، بەو شێوەیەش تائێستا چوار کەس لەو رووداوە گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەو کەسە لەکاتی رووداوەکە بریندار بووە، وەکو شیروان جەلال گوتی، لەنزیک ماڵەکە دووکانی هەیە، لەکاتی تەقەکردنەکەدا بە مەبەستی بەهاناوەچوون چووەتە شوێنەکە.
 
ناو و تەمەنی کوژراو و بریندارەکان بەمشێوەیە:
 
شاکێو رزگار کە کوڕی تەقەکەرە و تەمەنی 15 ساڵە، لە رووداوەکە بریندار بووە
فاتیمە عەبدوڵڵا کە هاوژینی تەقەکەرەکەیە و تەمەنی 63 ساڵە، لە رووداوەکەدا کوژراوە
چرا رزگار کە کچی تەقەکەرەکەیە و تەمەنی 31 ساڵە، لە رووداوەکەدا کوژراوە
چرۆ رزگار کە کچی تەقەکەرەکەیە و تەمەنی 18 ساڵە، لە رووداوەکەدا کوژراوە
سیامەند عەباس کە دراوسێی تەقەکەرەکەیە و تەمەنی 55 ساڵە، لەکاتی بەهاناوەچوون لە رووداوەکەدا کوژراوە
 
عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە لەبارەی دەستگیرکردنی بکوژەکە بە میدیاکانی راگەیاند، "چەند خولەکێکی ویستووە تاوەکو بکوژەکە دەستگیر کراوە، چونکە بە تەنیا لەنێو ماڵی خۆیدا بووە و دەرگای لەسەر خۆی داخستبوو." بە گوتەی پۆلیس، دوای چەند رووبەڕووبوونەوەیەک توانیویانە تەقەکەرەکە دەستگیر بکەن.
 
لەبارەی بارودۆخی تەندروستیی بکوژەکە، کە دەگوترێت بارودۆخی تەندروستیی باش نییە، عەلی عەبدوڵڵا گوتی، "ئەوە هێشتا دیار نییە و دواتر پزیشک لەوبارەوە بڕیار دەدات."
 

 

 
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تۆمەتبار "ر. ق. ر" کە پیشەی "پێشمەرگەی خانەنشینە" لە ئەنجامی دروستبوونی "دەمەقاڵێ" هەستاوە بە کوشتنی هەریەک لە هاوژین و دوو کچی و کوڕێکی بریندار دەکات، هەروەها دووکاندارێکی دراوسێیشی کوشتووە.
 
بە فەرمانی دادوەر و بە ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کراوە.