بۆ یەکەمجار ئافرەتێکی کریستیان لە شاری هەولێر دەبێتە دادنووس

 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەمجار لە شاری هەولێر، ئافرەتێکی کریستیان وەکو دادنووس لە فەرمانگەی دادنووسی عەینکاوە دەستبەرکار بوو. گوتەبێژی وەزارەتی داد دەڵێت، "لە پێدانی پۆست جیاوازی ناکرێت لەنێوان ئافرەت، پیاو و پێكهاتە جیاوازەکان؛ هیبە نەجیب خزمەتی یاسایی خۆی، کە 13 ساڵە، تەواو کردووە و بە لێهاتوویی و توانای خۆی گەیشتووەتە ئەو پۆستە."
 
لە رێورەسمێکدا رۆژی 16ی ئایاری 2023 فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی هەرێمی کوردستان، هیبە نەجيب عەبۆی وەکو دادنووس لە فەرمانگەی دادنووسی عەینکاوە دیاریکرد.
 
نەریمان تاڵیب، گوتەبێژی وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 17-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هیبە نەجیب عەبۆ، یەکەم ئافرەتی کریستیانە لە شاری هەولێر وەکو دادنووس دەستبەکار دەبێت.
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان، قەزای عەینکاوە پێویستی بە دادنووس بووە و هیبە نەجیب عەبۆ ئافرەتێکی لێهاتوو و بەتوانایە و خزمەتی یاسایی خۆی کە 13 ساڵە تەواو کردووە؛ بۆیە وەکو دادنووس لە فەرمانگەی دادنووسی عەینکاوە دیاریکراوە.
 
هیبە نەجيب عەبۆ، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی یاسای هەیە و ماوەی 13 ساڵە لە فەرمانگەی دادنووسی 1ی هەولێر کار دەکات. نەریمان تاڵیب دەڵێت، "لەپێدانی پۆست هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئافرەت، پیاو، کریستیان، موسڵمان و  ئێزدی ناکەین. لە هەموو پێکهاتەکان دادنووسمان هەیە و هیچ جیاوازی ناکرێت، تەنیا دەبێت، ئەوەی دیاریدەکرێت فەرمانبەرێکی دڵسۆز و دەستپاک بێت."
 
فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دەستبەکاربوونی هیبە نەجیب وەکو دادنووس لە فەرمانگەی دادنووسی عەینکاوە گوتی، "لە پێدانی پۆست و دانانی بەرپرسی فەرمانگەکاندا، لەوە ناپرسین ئەو فەرمانبەرە سەر بە چی پێکهاتە، ئاین و نەتەوەیەکی کوردستانە، یان سەر بە چی پارتێکی سیاسییە؛ پێودانگی ئێمە لەوەدا، پاکی، لێهاتوویی، شارەزایی و شێوازی ئەو کەسەیە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان."