سەردانەکەی ئەعرەجی بۆ هەولێر بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی عێراق - ئێران بووە

 رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاریێتی ئاسایشى نەتەوەیی عێراق رایگەیاند؛ قاسم ئەعرەجى، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بەمەبەستى تاوتوێکردنى رێوشوێنەکانى کۆنووسی ئەمنیی نێوان عێراق و کۆمارى ئیسلامى ئێران، سەردانى هەولێرى پایەختى هەرێمى کوردستانى کردووە کە تایبەتە بە پاراستنى سنوورى نێوان هەردوو وڵات.
 
رۆژی 17ـی ئایارى 2023 قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق سەردانى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستانى کرد و لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە. 
 
راوێژکاریێتی ئاسایشى نەتەوەیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، سەردانى ئەعرەجى بۆ هەولێر بە سەرۆکایەتیی شاندێکى هێزە ئەمنییەکان و وەزارەتى دەرەوە بووە، بۆ تاوتوێکردنى کۆنووسی ئەمنیى نێوان عێراق و کۆمارى ئیسلامى ئێران، لەگەڵ وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان بەرپرسانى ئەمنى هەولێر و سلێمانی.
 
هەروەها رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە توویتێکدا رایگەیاند "کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارمان هەبوو لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و شاندی یاوەری لەبارەی پێداچوونەوە و تووندکردنی رێوشوێنەکانی ئاسایشی سنوورەکانمان لەگەڵ ئێران، لەپێناو پاراستنی هاوڵڵاتییان و کۆنترۆڵکردنی چالاکیی نایاسایی و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی یاسا".
 
رۆژی 19ـی ئادارى 2023 عەلى شەمخانى، ئەمیندارى ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیی ئێران و قاسم ئەعرەجى لە بەغدا، کۆنووسی ئەمنیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد، کە تایبەتە بە دۆسیەى پاراستنى سنوورەکانى نێوان هەردوو وڵات.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوى راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق لە کۆبوونەوەى نێوان شاندى بەغدا و هەرێمى کوردستان باس لەو رێوشوێنانە کراوە کە پاسەوانى سنوور گرتوونەتییەبەر بۆ پاراستنى سنوورى نێوان عێراق و کۆمارى ئیسلامى ئێران.