جوتیارێکی گوندێکی سەر بە پردێ: سەردەمی بەعس لە ئێمە ژیاوەتەوە

رووداو دیجیتاڵ


کەسێک بەناوی مونیف حەواس کە خەڵکی گەیارەی سەر بە پارێزگای نەینەوایە، داوای 1200 دۆنم زەویی گوندێکی سەر بە پردێ دەکات و سکاڵای یاساییش لەدژی جووتیارانی گوندەکە تۆمار دەکات، خەڵکی گوندەکەش رەتیدەکەنەوە زەوییەکانیان رادەست بکەن و دەڵێن "سەردەمی بەعس لە ئێمە ژیاوەتەوە".
 
ژمارەیەکی زۆری جوتیارانی ناوچەی ساڵەیی و بیبانی لە گوندی گورزەیی سەر بە ناحیەی پردێ گردبوونەوە، دوای ئەوەی زانییان عەرەبی هاوردە و دادوەری داگای پردێ، دێنە سەر زەوییەکانیان تاوەکو جیای بکەنەوە و بیدەنە هاوردەکان.
 
کوێخا تاڵیب، موختاری گوندی گورزەییە و دەڵێ ئەو کەسەی چاوی لە زەویوزاریانە، خەڵکی گەیارەی سەر بە نەینەوایە و "لە سەردەمی رژێمی بەعسدا زەویی ئێمەی لە قەرەبووی پارچە زەوییەکی خۆی پێدراوە، کە لە گەیارە کراوەتە سەربازگە".
 
تاڵیب حەمید گورزەیی، موختاری گورزەیی وردەکاریی ئەو کەیسە باسدەکات و دەڵێ "ئەم کەسە هاتووە و ئەوەی راگەیاندووە گوایە لەکاتی رژێمی پێشوودا 1200 دۆنم زەویی بە قەرەبوو وەرگرتووە. ئەو زەوییە هی یەک کەس و دوو کەس و سێ کەس نییە، هی زۆربەی جوتیارەکانی گوندەکەمان و گوندەکانی دەوروبەرمانە. ئەو پیاوە کە ئێستا هاتووە و داوای زەوی دەکات، دیارە کەشەکەی بۆخۆی لەبار زانیوە".
 
پێداگریی جوتیارانی کورد لە پارێزگاریکردنی زەویوزاریان، شکستی بەو هەوڵەی مونیف حەواس هێنا بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکان کە داوای 1200 دۆنمی دەکات، لە دادگاش هەر بەو داواکارییەوە نەوەستاوە، بەڵکو سکاڵای لەدژی 30 جوتیاری کورد تۆمارکردووە، گوایە مافی ئەویان خواردووە، بەڵام بەر لەوەی بگەنە گوندەکە و سەر زەوییەکان لەژێر گوشار، کشانەوە.
 
سلێمان خەلیفە، خەڵکی گوندی گورزەییە و دەڵێ "کورد ئەوە هەڵوێستییەتی؛ دەچینە ژێر ئۆتۆمبێلەکانەوە و ناهێڵین کەس بێت، ئەوان بە بڕیاری کێ هاتوونەتە ئێرە!".
 
کانەبی رەشید، هاونیشتمانییەکی دیکەی خەڵکی گوندەکەیە و باسی ئەوەی کرد "حەوت پشتمان لەم گوندە بووین، بچینە کوێ؟ با حکومەت رامانبگوازێت و زەویمان بداتێ، سەردەمی بەعس لە ئێمە ژیاوەتەوە و حیزبی بەعس رۆڵی هەیە".
 
لەسەر ئەو زەوییانەی کورد، تاپۆی حەوت پشت هەن، بەڵام لە سەردەمی رژێمی بەعسدا کە خەڵکەکەی دەربەدەر کران، زەوییەکانیشیان بەخشرایە هاوردەکان.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ رایگەیاند، ئێستا پرۆسەکە بەشێوەیەکی کاتی لە دادگا راگیراوە تاوەکو چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ دەدۆزرێتەوە.