دەزگای هەڵبژاردنی پارتی: کۆمیسیۆن دەتوانێت لە پێنج مانگدا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکات

17-05-2023
هیدایەت جان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئەوان هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ هەڵبژاردن کردووە لەو وادەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر کاروبارەکان بە باشی بەڕێوەبچن، کۆمیسیۆن دەتوانێت لە ماوەی پێنج مانگدا هەموو ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکات.
 
رۆژی چوارشەممە 17-05-2023 هاوار محەممەد، گوتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان میوانی بوولتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە رۆژان ئەبوبەکر و هەوار جەلالەدین پێشکێشی دەکەن، رایگەیاند، "وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەکاریمان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن لەو وادەیەدا کردووە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە؛ لەو کۆبوونەوانەشدا کە دەزگای هەڵبژاردنی ئێمە و یەکێتی ئەنجامیان داوە، نزیکەی 90%ی کێشەکانمان چارەسەر کردوون؛ تەنیا خاڵێک کە تاوەکو ئێستا رێککەوتنی لەسەر نەکراوە، کورسیی کۆتاکانە."
 
گوتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە، بەهۆی ئەو کەشە لەبارەی ئێستا هاتووەتە ئاراوە، پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت پەلە بکات لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و لە ماوەیەکی کەمدا یاساکە تێبپەڕێندرێت.
 
لەبارەی ئەو شەش مانگەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە پێویستیەتی بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردن، هاوار محەممەد دەڵێت، "ئەگەر کاروبارەکان بە باشی بەڕێوەبچن، دەتوانرێت لە ماوەی پێنج مانگیشدا ئامادەکارییەکان بەبێ کەموکوڕی تەواو ببن."
 
رۆژی 26-03-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 18-11-2023ی وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد؛ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوای لە پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد، هەنگاوی کردەییان بۆ متمانەبەخشین و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەبێت.
 
لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی هەڵبژاردن هاوار محەممەد گوتی، "پێشتریش لەبارەی پرسی هەڵبژاردن لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی لە پەرلەمانی کوردستاندا فراکسیۆنیان هەیە، کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە؛ ئێستاش دوای ئەوەی دەزگاکانی هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبینەوە."
 
کورسیی کۆتاکان تاکە خاڵی جێی ناکۆکی پارتی و یەکێتییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و گوتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی پارتیش دەڵێت، "پێویستە لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی کورسی کۆتاکان، خۆیان بهێنرێنە نێو کۆبوونەوەکان بۆئەوەی بۆچوونیان وەربگیرێت. پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە پێکهاتەکان دەبێت خۆیان بڕیار لەسەر ئەم بابەتە بدەن و هەر بڕیارێکیشیان دا، ئێمە پشتیوانیان دەبین."
 
بە گوتەی هاوار محەممەد، یەکێتی داوا دەکات بەشێک لەو 11 کورسییانەی بۆ کۆتاکان دەستنیشانکراوە، بۆ پارێزگای سلێمانی بن؛ "ئەوە بۆچوونی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستانیشە و ئێمەش دەڵێین لایەنە سیاسییەکانی کۆتاکان هەر بڕیارێک بدەن، پشتیوانیی لێدەکەین."
 
گوتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی روونی دەکاتەوە، لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ کۆتاکان، بە روونی داوایان کردووە هەڵبژاردنی کۆتاکان لەسەر ئاستی نیشتمانی بێت و وەکو خۆی بمێنێتەوە، "ئەگەر لە داهاتووشدا بڕیاریان گۆڕی و گەیشتنە ئەو باوەڕەی بە شێوەی چەند بازنەیی بەشداری بکەن، ئێمە پشتیوانی لە داواکارییەکەیان دەکەین."
 
رۆژی 11-05-2023 سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە؛ داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ـی ئەم مانگە بکرێت بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن."
 
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە شکرد، پێش ئەو کۆبوونەوە بەرفراوانە، پێویستە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە؛ بۆیە ''داوا لە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن؛ هەروەها زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن."
 
پارتی و یەکێتی پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و رۆژی سێشەممە 16-05-2023 شاندی مەکتەبی سیاسی هەردوولا لە سلێمانی کۆبوونەوە. شاندی پارتی پێکهاتبوو لە مەحموود محەممەد، رێبوار یەڵدا، عەلی حوسێن، پشتیوان سادق، هێمن هەورامی و جەعفەر ئیمینکی؛ شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاڵاو عەلی عەسکەری، خەسرەو گوڵ محەممەد، عیماد ئەحمەد، رزگار حاجی حەمە، میران محەممەد و ئه‌مین بابەشێخ پێکهاتبوو.
 
دوای کۆبوونەوەکە مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، "هاوڕان لە پەلەکردن لە هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان بۆ فەراهەمەکردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بووک و زاوا

بووکێک لە وان سێ کیلۆ زێڕ و چوار ملیۆن لیرەی بە دیاری پێشکێش کرا

لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، میوانان لە چوار وڵاتی جیاوازەوە بەشداربوون؛ سێ کیلۆ زێڕ و چوار ملیۆن لیرەی تورکی (120 هەزار و 800 دۆلار) وەکو دیاری پێشکێشی بووک و زاوا کرا