هەڤاڵ ئەبوبەکر: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پێشنیازکرا پێش 25ـی مانگ لیستی مووچە ئامادەبکرێت

17-05-2022
گۆڤەند مستەفا
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیێنێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی، 40 هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتیان خستووەتەڕوو، دەشڵێت، "سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازیکردووە پێش 25ـی مانگ لیستی مووچە ئامادەبکرێت."
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، باسی لەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، یاساییانە هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتیان خستووەتەڕوو، گوتیشی، "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری گرنگ درا، بڕیاردرا مووچە لە یەککات و بەیەکەوە وەربگیرێت، بڕیاردرا دابەشکردنی مووچە پێش خەرجییەکانی دیکە بخرێت، هەروەها پێشنیازکراوە لەمەودوا پێش 25ـی مانگ لیستی مووچە ئامادەبکرێت."
 
پارێزگاری سلێمانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، دابەشکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا وادەکات داهات زیاتربێت، ئاماژە بەوەش دەکات، "لە رۆژانی داهاتوو لیژنەی تایبەت بەدواداچوون بۆ داهات دەکات، ئەگەر بڕیارەکانی ئەمڕۆ جێبەجێ بکرێن، مووچەی سلێمانی دواناکەوێت."
 
لە بارەی کۆکردنەوەی داهات و کێشەکانیان، ئەمڕۆ سێشەممە 17-05-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ پارێزگارانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین کۆبوونەوە.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، "ئێمە لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی و پیشەیی و یاساییانە هەموو ئەو هۆکارانەمان باسکرد، کورتهێنانی بودجە، کەمبوونەوەی نەختینە، دواکەوتنی مووچە، لەو گرفتە داراییانەی کە هەمانە لە ئیدارەدانی پارە، لەو مەترسییانەی لەسەریەتی، بەشێوەیەکی زانستییانە و یاساییانە خستمانەڕوو. لەگەڵ ئەوەی چارەسەرکردنی هەر یەکێک لەم هۆکارانە بەشێک لە کێشە سەرەکییەکە چارەسەر دەکات، لە تەنیشت ئەویشەوە 15 چارەسەرمان خستەڕوو."
 
پارێزگاری سلێمانی هەروەها گوتیشی، "بە سوپاسەوە بۆ بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڕێز جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیرانی دارایی و ناخۆ، سەرۆکایەتیی دیوان و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، بڕیاری پێویستیان لەبارەوە دەرکرا، تێگەیشتنی تەواو دروستبوو، زەمینەیەکی لەباری بۆ دروستکردنەوەی متمانە، بۆ یەک تیم کارکردن، سەیکردنی هەرێمی کوردستان وەکو یەکەیەکی سیاسی، جوگرافی، ئابووری، یاسایی و کۆمەڵایەتی لە یەک دانەبڕاو."
 
لە بارەی کێشەی داهاتیشەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت، "لیژنەیەکی هاوئاهەنگی دروستکرا لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دارایی و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەبێت کۆببێتەوە بۆ ئەوەی کە هۆکارەکانی کورتهێنان بە شێوەیەکی مەیدانی لە بانکەکاندا بکۆڵێتەوە. ئەو دەسەڵاتانەی کە پێویستن بۆ یەکە کارگێڕییەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و قەزا و ناحیە و بەڕێوەبەرایەتییەکان چارەسەر بکرێن و پێشنیاز بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت."
 
بەگوتەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، بڕیاری سەرەکیی حکومەت ئەوەبوو "ئەولەوییەت" لە بودجەدا بۆ مووچەیە، پێش مووچە هیچ شتێکی دیکە لە بودجەدا ناخرێتە پێشەوە، "هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبێت خزمەت بکرێن، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە هەر شوێنێک بن بە یەکەوە لە یەککاتدا ئەو شایستانەی هەیانە مافە داراییەکانیان جێبەجێ بکرێت."
 
هەر لە بارەی کۆبوونەکەوە، گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بوولتەنی کاژێر 20:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران و پارێزگارانی سلێمانی، هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە حیزب "بە هیچ شێوەیەک" دەستی بۆ پارەی بانکەکانی سلێمانی نەبردووە، گوتیشی دڵنیایی دراوە کە مووچەی مانگی چوار هاوکات لەگەڵ هەولێر و دهۆکدا لە سلێمانی و ناوچەکانی دیکەش دابەشدەکرێت.
 
سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، "ئەم مانگە مووچە بە تەواوی لە هەموو پارێزگاکان دابەشدەکرێت."
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر لەبارەی کۆبوونەوەکە زیاتر روونیدەکاتەوە، "کۆبوونەوەکە ئەنجامی باشی بەدەستهێنا کە یەکەم کۆبوونەوەیە، ئەو لایەنانەی لە حکومەت کە لایەنی سیاسی سەرەکیشن لە هەرێمی کوردستاندا کۆببنەوە، لە دوای چەند خولەکێک ئەو پارانە بخرێنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و مووچە لە یەککاتدا دابەشبکرێت." 
 
بە گوتەی پارێزگاری سلێمانی، بڕیاردراوە هەردوو لایەنی سەرەکی کە یەکێتی و پارتین هەڵمەت و هێرشی راگەیاندن بەرامبەر بە یەکدی رابگرن، "ئەو ئامانجە بۆ ئێمە گرنگە کە ئەو لایەنانە لە ئاییندەیەکی نزیکدا گفتوگۆی ئەوەکراوە لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار، لەسەر پارێزگای کەرکووک، لەسەر ئیدارە و حکومەتی هاووڵاتی و سەروەری یاسا رێکبکەون."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە