سەعدی ئەحمەد پیرە: داوای کەمکردنەوەی کورسیی کۆتاکان ناکەین


رووداو-هەولێر

دوای زیاتر لە دوو مانگ کۆنەبوونەوە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریدا سێشەممەی داهاتوو، لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆببێتەوە.
 
مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "بڕیارماندا هەفتەی ئایندە، رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان بەڕێوەبچێت".
 
کۆنەبوونەوەی پەرلەمان، هاوکات لەگەڵ مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بوو کە بڕیاریدا 1 /10ی ئەمساڵ هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێ، جگە لە پارتی و پێکهاتەکان، لایەنەکانی دیکە داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەکەن و دەیانەوێت هەڵبژاردنەکە فرەبازنەیی بێت.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، "جێگەی سەرسوڕمانە، ئەگەر ئێمە رازیبین هەرێمی کوردستان بکرێتە 12 بازنە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێ بە چوار بازنە، لەهەمان کاتیشدا ئێمە لەسەر مەسەلەی کۆمیسیۆنی باڵا، لەسەر ژمارەی کۆتاکان ئێمە کێشەمان نییە، هەندێکجار خەڵەت تەفسیر دەکرێ، ئێمە قەت باسی ئەوەمان نەکردووە ژمارەی کۆتاکان کەمبکرێتەوە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە دوایین کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی پارتیدا، بڕیاردراوە بەربەستەکانی بەردەم ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی پارتی و لایەنەکانی دیکە بەتایبەت یەکێتی و پارتی لاببردرێت و لەسەر هەموو بابەتە ناکۆکەکان گفتوگۆ بکرێت بە هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنیشەوە.
 
کاردۆ محەممەد، رێکخەری ژووری پەرلەمان و حکومەت لە بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، "هەر کۆبوونەوە و گفتوگۆیەک بەقازانجی پاراستنی نیشتمان و سەروەریی یاسابێت و کارکردن بێت لەسەر ئامانجە هاوبەشەکان و چاکسازی بێت لەسەر وڵاتەکە، گۆڕان پێشوازی لێدەکات".
 
هەروەها عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "کۆمیسیۆن نەیتوانیوە هیچ ئیشێک بکات، چونکە ماوەی یاساییان بەسەرچووە کێشەش هەیە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ئێمە ژمارەیەک فراکسیۆن و پەرلەمانتار داوامانکردووە کە هەمواربکرێت."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، چیدیکە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان راناگیرێن و هاوتەریب لەگەڵ دانیشتنەکانی پەرلەمان، لەناوەوە و دەرەوەی پەرلەمانیش کار لەسەر یاسای هەڵبژاردن دەکرێت.