كچانی ئێزدی لە دەستكەوتی جەنگەوە دەبنە كاڵای بازرگانی

17-05-2015
یودیت نیورینگ
نیشانەکردن كچانی ئێزدی
A+ A-

رووداو- دهۆك

زۆر لەو‌ ژن و كچە ئێزدیانەی لە هێرشەكانی مانگی ئابی رابردوو بۆ سەر شنگال لەلایەن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە "داعش" دەستگیركران، لە نۆ مانگی رابردوودا لە دەستكەوتی جەنگەوە بوونەتە كاڵای بازرگانی.

ئەو ژنانەی تاوەكو مانگی رابردوو لەدەست داعش هەڵاتوون، ژمارەیان دەگاتە 650 ژن، هەندێك لەوان دەڵێن نزیكەی 10 جار كڕین و فرۆشتنیان پێكراوە لە نێوان چەكدار و ئەمیرەكانی داعش.

ئەو ژنانە كە داعش بە "كۆیلە" ناویان دەبات، لەپاش دەستگیركردنیان بە بڕی 25 تاوەكو 800 دۆلار كڕین و فرۆشتنیان پێكراوە لە نێوان چەكدارەكانی ئەو رێكخراوە.

بەپێی گوتەی جەمیلە غانم، سەرۆكی دامەزراوەی یەزدا، پاش چەند رۆژێك لە دەستگیركردنیان، زۆر لەو ژنانە لە نێوان ئەو چەكدارانە كڕین و فرۆشتنیان پێكراوە بە بڕێك پارەی زۆر.

"هەموو ئەمانە پارەن بۆ داعش بە كچەكانیشەوە. فرۆشتنی ئەو ژنانە بۆ ئەوان رێگەپێدراوە. جیهادیەك بە زۆر مارەی دەكات و پاش چەند هەفتەیەك دەیفرۆشێ بە جیهادیەكی دیكە. بێگومان پارەی پێ پەیدا دەكات كاتێك دەیفرۆشێ بە نرخێكی زۆر".

دەیویست بیباتە سعودیە

مەدیحەی تەمەن 30 ساڵ لەگەڵ كچە سێ‌ ساڵانەكەی، چوار جار فرۆشراوە. ئەو چەكدارە سعودیەی كە كڕیبووی لە رەققەی سووریا، دەیفرۆشێ بە پزیشكێكی عێراقی كە چارەسەری بریندارەكانی داعش دەكات. ئەمە سەرەڕای ئەوەی پزیشكەكە كچێكی دیكەی ئێزدی هەبووە. چەندینجار دەستدرێژی كردووەتە سەر هەردووكیان.

پاش شەش هەفتە دەیفرۆشێ بە ئەمیرێكی سعودی كە لێیدەدات و دەستدرێژی دەكاتەسەر و بەزۆرەملێ ئاینی ئیسلامی بەسەردا دەسەپێنێ، بەرلەوەی بیفرۆشێ بە چەكدارێكی دیكەی سعودی.

چەكدارەكە وەك كۆیلە دەیكڕێ و كچەكەی وەك منداڵی خۆی بەخێودەكات، چونكە منداڵی نەبووە. بە مەدیحە دەڵێ كە ئازادی دەكات ئەگەر كچەكەی بداتێ، بەڵام مەدیحە رەتیدەكاتەوە. بەرلەوەی هەردووكیان ببات بۆ سعودیە، مەدیحە لە دەستی هەڵدێ.

داوای گرەنتی خۆبەدەستەوەدان دەكەن

هەندێك لە كچەكان گوتیان كڕیارەكان داوای گرەنتی لە فرۆشیارەكان دەكەن. ئەگەر كچەكان خۆیان بۆ سێكس نەدەن بەدەستەوە ئەوا دەیگەڕێننەوە بۆ فرۆشیارەكە. هەرچەندە ئەوە زۆر روویداوە، بەڵام قازانجی زۆر زیاتر بووە بۆ فرۆشیارەكان، چونكە لە هەمانكاتدا دووجار قازانج دەكەن و دەیفرۆشنەوە بە كەسێكی دیكە.

"ئەو كچانە وەك كاڵای بازرگانی لەلایەن داعشەوە تەماشا دەكرێن". غانم گوتی ''یەكێك لە كچەكان پێیگوتم بە چەكدارەكانی گوتووە بۆچی نایانكوژن ئەگەر ئەوەندە رقیان لێیانە، بەڵام وەڵامی دەدەنەوە و دەڵێن ئەوان تەنیا پارەن بۆ ئەوان.''

ژمارەیەكی نەزانراو لەو ژنانە لە دەرەوەی وڵات فرۆشراون، وەك توونس و سعودیە و وڵاتانی دیكەی كەنداو. دیار نییە هێشتا ئەو كڕین و فرۆشتنانە بەردەوامە، چونكە چیدی رێگەی پەیوەندیكردن نەماوە.

دەگوترێ بۆ ئازادكردنی ئەو ژن و كچە ئێزدیانە پارەدراوە. بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رۆژنامەیەكی توركی گوت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە كڕینەوەی ئەو ژنانە لە داعش.

هادی دۆبانی، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری ئێزدییەكان لە دهۆك بە رۆژنامەی (حوڕییەت)ی توركی گوت: "هێشتا نزیكەی 3500 ئێزدی وەك كۆیلەی سێكس و بارمتە لەدەست داعشن. لەهەوڵ و كۆششداین بۆ دۆزینەوەی رێگایەك بۆ ئازادكردنی ئەو ژنانە".

هادی گوتی: "ژمارەیەك لە عەرەبی سوننە لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی داعش هاوكاریمان دەكەن. پارە دەدەین بۆ كڕینی ئەو كچە رفێنراوانە كە داعش دەیانفرۆشێ و بڕی ئەو پارەیەی دەیدەین بۆ كڕینەوەیان لە نێوان هەزار  تاوەكو 10 هەزار دۆلاردایە".

گوتیشی "ئەو ژنانە لە بازاڕی كۆیلەدا دەفرۆشن، هەندێك لە چەكدارانی داعش ئەو ژنانە بە 50 دۆلار دەكڕن و بە 2000 دۆلار دەیانفرۆشنەوە. بە تەواوی ئەو كارەیان كردووە بە بازرگانی. داوای پارەی زیاتر دەكەن بۆ كچە گەنجەكان".

بەڵام نوری عوسمان، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئاوارەكان، قسەكانی ئەو بەرپرسە ئێزدیەی رەتكردەوە و گوتی "رێگە نادرێ مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ داعش بكرێت. تەنیا لە رێگەی هۆزە سوننەكانی ناوچەكەوە مامەڵە دەكرێ. ئەگەر پارە بدەین ئەوە بۆ گواستنەوەی ئێزدییەكانە بۆ كوردستان.''

ئەو نكۆڵی كرد لەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پارەی دابێت بۆ ئەو 261 ئێزدیەی بەمدواییە داعش ئازادی كردن، ئەگەرچی كارمەندانی مرۆیی وەك غانم لەو بڕوایەدان كە پارە دراوە بۆ ئازادكردنی ئەو كەسانە.

"هەموو ئەوانە دەناسین كە هەڵاتوون یان ئازادكراون، چونكە دەبێت كارئاسانییان بۆ بكەین بۆ هاتنەوە لەڕێی ئەو پێشمەرگانەی لە سنوورەكانن لە نێوان ئێمە و داعش". نوری عوسمان وایگوت.

بەڵام، غانم جەخت دەكاتەوە كە هەندێك لە خێزانەكان پارە دەدەن بۆ ئازادكردنی كچەكانیان. هەندێكجار كەسێك دەدۆزنەوە بۆ كڕینیان. لەهەمان كاتدا رێكخراوە ناحكومیەكانیش هەندێكجار خەڵك دەدۆزنەوە تاوەكو یارمەتییان بدەن لە هەڵاتن، ئەمەش پاش ئەوەی ئەو ژنانە رێگەیەك دەدۆزنەوە بۆ پەیوەندیكردن بە خێزانەكانیانەوە.

غانم گوتی "ئەو كەسەی نێوەندگیریمان دەكات، پارە پەیدا دەكات، بۆ نموونە ئەگەر كەسێك بناسم لە تەلعەفەر كە كەسێك لەناو داعش دەناسێ، رەنگە چەكدارەكانی داعش 10 ئەندامی خێزانێك بە 20 هەزار دۆلار بفرۆشن. رەنگە ئەو كەسەی نێوەندگیری دەكات بڵێت 25 هەزار دۆلار، 5 هەزار دۆلار بخاتە باخەڵی خۆی".

هەندێكجاری دیكەش ئەو ژنانەی كە هەڵدێن خۆیان لەلای خێزانێك حەشاردەدەن، رەنگە داوای پارەیان لێبكرێت لەلایەن ئەو خێزانانەوە. غانم گوتی "ناتوانی لۆمەی ئەو خێزانانە بكەی، چونكە ئەگەر ئاشكرا بن سزا دەدرێن".

غانم هەروەها گوتی "ئەوانەی  پەیوەندی بە داعشەوە دەكەن ژیانیان لە مەترسیدایە. تەنیا لە رێگەی یەك كەسەوە كار دەكەن كە دەیناسن و متمانەیان پێیان هەیە، چونكە داعش پێشتر ئەو كەسانەیان كوشتووە كاتێك ئاشكرا بوون".

تەنیا ئێزدییەكان وەك كاڵای بازرگانی مامەڵەیان لەگەڵ ناكرێت، ئەو مەسیحیانەی لە سووریا رفێندراون هەمان مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت. كڵێسای كلدانی لە ئوسترالیا رایگەیاند كە داعش داوای 23 ملیۆن دۆلاری كردووە بۆ ئازادكردنی 230 ئاشووری كە مانگی شوباتی رابردوو لە پارێزگای حەسەكە دەستگیركران، ئەوەش نزیكەی 100 هەزار دۆلار دەكات بۆ هەر كەسێك.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە