لە پیرانشار ورچێک هێرش دەکاتە سەر ژنێک

رووداو دیجیتاڵ
 
لە بەرزاییەکانی ناوچەی لاجانی سەر بە شاری پیرانشار لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، ورچێک هێرش دەکاتە سەر ژنێک و برینداری دەکات.
 
رۆژی سێشەممە 16-4-2024 لە نزیک گوندی لگ بن لە ناوچەی لاجانی پیرانشار، بەهۆی هێرشی ورچێکەوە ژنێک بە سەختی بریندار بوو.
 
عەزیز ئیبراهیم نەژاد، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پیرانشار شەوی رابردوو رایگەیاند، ژنێک بە مەبەستی کۆکردنەوەی گیای بەهارە چووبووە ناوچە شاخاوییەکانی گوند و لەوێ لە لایەن ورچێکەوە هێرشکراوەتە سەری و بە سەختی بریندار بووە.
 
بە گوتەی ئیبراهیم نەژاد، ئەو هاونیشتمانییە لە رێگەی ئامبولانسەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری نەغەدە گوێزراوەتەوە و لەوێ چارەسەر وەردەگرێت.
 
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پیرانشار داوای لە خەڵکی ناوچەکە و گەشتیارانیش کرد لەبەر ئەگەری هێرشی ئاژەڵە کێوییەکان، بە تەنیا سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکەن.