کۆنسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر بۆ رووداو: هانی دۆستانمان دەدەین لە زووترین دەرفەتدا هەڵبژاردن بکەن


رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسوڵی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان داوا لە لایەنەکان دەکات کار بکەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەزووترین دەرفەتدا. دەشڵێت. کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی "پێگەی کوردی لاواز کردووە". 
 
كلاوس شترایشەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "هەڵبژاردن ئەوە نییە بەئارەزووی خۆت بڕیاری لەسەر بدەیت، نابێت هەڵبژاردن دوابخەیت، تەنیا لەبەرئەوەی پێتوایە کە ژینگەکە لەبارنییە. هەربۆیە ئێمە هانی هەموو کوردی دۆستمان دەدەین هاوئاهەنگی بکەن و هەڵبژاردن لە زووترین دەرفەتدا بکەن."
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی 10ـی حوزەیرانی وەکو رۆژی هەڵبژاردن دیارییکردووە، بەڵام ناکۆکیی لایەنەکان، ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی بەهێز کردووە. 
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا گوتی: "لە کوردستان کێشەکە لەنێوان پارتە سەرەکییەکاندایە. بەو واتایەی لەنێوان پارتی و یەکێتیدایە، ئەمەش پێگەی کوردی لەماوەی چەند مانگی رابردوودا، لاواز کردووە." هیوادارە هەردوولا رێگەیەک بدۆزنەوە و هاوئاهەنگی بکەن بۆ پتەوترکردنی دەنگ و رۆڵی کورد لە تەواوی عێراق.
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا، پتەوبوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، بە "گرنگ" دەزانێت و داواش دەکات ئەو گفتوگۆ چڕانەی لەماوەی رابردوودا هاتووەتە ئاراوە، بەردەوام بن.
 
ئەو دەڵێت "ئەوە گرنگە کە هەردوولا لە بەغدا و هەولێر، هاوئاهەنگی بکەن و ئاشتیانە گفتوگۆ بکەن. لانیکەم کاتێک تەماشای چەند هەفتەی رابردوو دەکەم، دەبینم گفتوگۆی چڕ لەنێوان هەردوولا هەیە لەبارەی پرسی مووچە و چارەسەرکردنی پرسە داراییەکان. هیواخوازم بەردەوام بێت."
 
ئەڵمانیا بە یەکێک لە وڵاتە چالاکەکانی بواری وەبەرهێنان لە کوردستان دەبینرێت و کونسوڵیش نەیشاردەوە لە داهاتووشدا، کاری زیاتر لەو بوارەدا دەکەن.
 
كلاوس شترایشەر گوتی: "زۆر پرۆژەمان هەیە لە سەرانسەری عێراق، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان. لە داهاتووشدا سەرنجی زیاترمان لەسەر رەخساندنی هەلیکاری زیاتر دەبێت. ئاوەدانکردنەوە، هەروەها ئەو پرۆژانەی، کە تایبەتن بە رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا."