کۆنسوڵی بەریتانیا لە هەولێر بۆ رووداو: پێویستە بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت


رووداو دیجیتاڵ

کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە "زووترین دەرفەتدا" بە "پێویست" دەزانێت، دەڵێت، "ئەوە بۆ شەرعیەتی پێگەی هەرێمی کوردستان گرنگە". 
 
جەیمس گۆڵدمان، کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە هەڵوێستی تەواوی پارتەکان، کە قسەمان لەگەڵ کردوون، تێدەگەین. هەروەها تێدەگەین لەوەی بۆچوونی جیاواز و نیگەرانیی جیاواز هەیە، بەڵام دواجار خاڵە سەرەکییەکە ئەوەیە کە پێویستە هەڵبژاردن لەزووترین کات بکرێت، کە ئەمەش خاڵێکی گرنگە بۆ بەردەوامیی شەرعیەت و پێگەی هەرێمی کوردستان".
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دیارییکردووە. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتیی دەکرێت. 
 
پارتی رایگەیاندووە ئەوان بەشداریی هەڵبژاردنێکی "پاک و بێگەرد دەکەن" و "بەو رێکارانەی ئێستا بەشداریی هەڵبژاردن ناکەن". یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندان، ئەگەر پارتیش بەشداریی نەکات.
 
گۆڵدمان دەڵێت "ئێمە وەکو دۆستی هەرێمی کوردستان، دەمانەوێت ئەوە ببینین کە هەڵبژاردن لە زووترین دەرفەتدا بکرێت."
 
رۆژی چوارشەممە، لە گوتارێکدا لە دیداری سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە هەڵبژاردن رایگەیاند "دەبێت هەڵبژاردنێکی روون و دادپەروەرانە بکەین کە هەموو لایەک لێی رازی بن". 
 
دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی لە رۆژانی 17 و 18ـی نیسان بەڕێوەدەچێت. لەبارەی بەشداریکردنی لەو دیدارەدا، کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا دەڵێت: "یەکەمجارمە لەم کۆڕبەندە ئامادەبم، پێموایە دەرفەتێکی گەورەیە تاوەکو خەڵکێکی زۆر لەیەک شوێندا پێکەوە کۆببنەوە و نوێنەرایەتی لایەنی جیاواز دەکەن، دەرفەتێکی گەورەیە چاوت بەو خەڵکانە بکەوێت کە لە ناوچەکە کار دەکەن."