لە ورمێ هاونیشتمانییەک لەسێدارە درا

17-04-2024
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەک بە تۆمەتی بازرگانیی بە مادەی هۆشبەر لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ لەسێدارە درا.
 
ئەفشین باغ شیرین تەمەنی 39 ساڵ و خەڵکی شاری کەنگەوەری سەر بە پارێزگای کرماشان بوو. رۆژێک بەر لەسێدارەدانی گوازرایەوە ژوورێکی تاکەکەسی لە گرتووخانەی ورمێ. ئەو رۆژی شەممە، 13ـی نیسانی 2024 لەسێدارە درا.
 
ئەو هاونیشتیمانییە شەش ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی "قاچاخچیێتی و بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر"، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کرا، دواتر لەلایەن دادگەی شۆڕشی ئەو شارەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا.
 
بەپێی ئاژانسی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 114 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراون.
 
ئەو رێکخراوە دەڵێت، ساڵی رابردوو 823 بەندکراو لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون، کە 151 کەسیان کوردن.
 
بەگوێرەی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ)، لە دوای چین، ئێران ساڵانە زۆرترین کەسی تێدا لەسێدارە دەدرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە