سێ جار دوو ناوچەی شارباژێڕ بۆردوومانکران

رووداو دیجیتاڵ 

سێ جار، گوندێک و چیایەکی ناوچەی شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانی لە رێگەی درۆنەوە بۆردوومانکران، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی لێ بکەوێتەوە.
 
كامەران حەسەن، قایمقامی ماوەت لە ناوچەی شارباژێڕی پارێزگای سلێمانی رۆژی چوارشەممە 17-04-2024 بە رووداوی راگەیاند "لە رێگەی درۆنەوە سێ جار هێرشکراوەتە سەر گوندەکانی کوڕەڵە و چیای تەژە و شیلانە لە سنووری قەزای ماوەت.
 
بە گوتەی قایمقامی ماوەت بەهۆی بۆردوومانەکە خانوویەک رووخاوە، بەڵام کەس نەکوژراوە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی کامەران حەسەن، خانووەکە موڵکی هاووڵاتییەکە بەناوی مام حەسەن کوڕەڵی، کە لە کاتی بۆردوومانەکە لەوێ نەبووە.
 
سنووری شارباژێر، پێشتریش چەند جارێک بۆردوومان کراوە. قایمقامی ماوەت گوتی "بەهۆی بۆردوومانەکەی ئەمڕۆ بەشێک لە دارستانی چیای شیلانە سووتاوە."
 
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، خانووە بۆردوومانکراوەکە زیانی زۆری بەرکەوتووە و بنمیچەکەی کون بووە.
 
هێرشەکە کە گوماندەکرێت لەلایەن درۆنەکانی تورکیاوە کرابێت وەکو قایمقامی قەزای ماوەت رایگەیاند، چەند جارێکە لەو ناوچەیە دووبارە دەبنەوە و بەشێکیان ئەو خانووانە دەکاتە ئامانج کە خاوەنەکانیان وەکو شوێنی مانەوەی هاوینە بەکاریدێنن.
 
بەگوێرەی ئاماری تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPTـی ئەمریکی کە بایەخ بە تۆمارکردنی بۆردوومان و بۆمببارانەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەدات، لە ساڵی 2023ـدا هێزەکانی تورکیا 1548 جار هێرش و بۆردوومانی خاکی هەرێمی کوردستان و نەینەوایان کردووە.