لە ورمێ دوو کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

17-04-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسیش بریندار بوون. رووداوی یەکەم لە بۆکان و دووەمیش لە پیرانشار بووە.
 
لە نزیک گوندی قەهرئاوای خواروو و کۆمەڵگەی گەشتیاری شانشین، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری ئێم ڤی ئێم وەرگەڕا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکە لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە بریندار بوون. بریندارانی رووداوەکە لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری بۆکان گوێزرانەوە.
 
لە رێگەی نێوان پیرانشار-چیانە و نزیک لە وێستگەی پاڵاوتنی ئاویش، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیجۆ وەرگەڕا و شۆفێرەکەی بە ناوی هەژار نیرومەند گیانی لەدەستدا.
 
تیمەکانی تەندروستی، تەرمەکەیان بۆ نەخۆشخانەی پیرانشار گواستەوە و دواتر رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە. هەردوو رووداوەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ی نیسانی 2024 روویانداوە.
 
رۆژی 30ی ئاداری 2024، رەزا پەناهی موقەدەم، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە 15 بۆ 29ی ئاداری ئەم ساڵ، 15 کەس لە سنووری پارێزگەکە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، کە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، 33% کەمبووە.
 
رۆژی 7ی نیسانی 2024، ئەحمەد شیرانی، بەڕێوەبەری ناوەندی زانیاری و کۆنترۆڵی ترافیکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای نەورۆزەوە تائێستا 100 هەزار رووداوی هاتووچۆ لەو وڵاتە روویانداوە و بەهۆیەوە 813 کەس گیانیان لەدەستداوە و 21 هەزار و 441 کەسیش بریندار بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە