ئەردۆغان: لەوانەیە لەکاتی گەڕانەوەم لە بەغدا سەردانی هەولێریش بکەم
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدا دەکات و دەڵێت، "لەوانەیە دوای گەڕانەوەم لە بەغدا سەردانی هەولێریش بکەم."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، رۆژی 22ـی نیسان سەردانی بەغدا دەکات، گوتی "لە دوای سەردانەکەم بۆ بەغدا لەوانەیە سەردانی هەولێریش بکەم و لەگەڵ بەرپرسانی ئەوێ کۆببینەوە. هاوڕێیانم کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن."
ئەردۆغان دەڵێت، "بەغدا گرنگیی زۆر بەو سەردانە دەدات. پەیوەندییەکانی تورکیا-عێراق دەگەیێنینە زەمینەیەکی دیکە. یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سەردانەکەمان پرسی ئاو دەبێت. ئەوان چەند داواکارییەکیان لەبارەی ئاو لە ئێمە کردووە. کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین. ئەوانیش دەیانەوێ ئەمە چارەسەر بکەین و ئێمەش هەنگاوەکانمان بەمشێوەیە دەنێین."
سەرۆککۆماری تورکیا کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لەدوای کۆبوونەوەی کابینەی وەزیرانی تورکیا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، گوتی، هەوڵدەدەن باسی گازی سرووشتی و نەوتیش بکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە ساڵانی 2009 و 2011، کە ئەوکات سەرۆکوەزیران بووە، دوو جار سەردانی عێراقی کردووە. لە سەردانەکەی رۆژی 15-10-2009 لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە و شاندی هەردوولا واژۆیان لەسەر 48 رێککەوتننامە کرد.
هەروەها رۆژانی 28 و 29ی ئاداری 2011 سەردانی شارەکانی بەغدا و نەجەف، دواتریش هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
ئەردۆغان یەکەمین سەرۆکوەزیرانی تورکیایە لە مێژوودا کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبێت.