رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی نێوان هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگەی کرد کە سەبارەت بە پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و رێکخستنەوەیان بەشێوەیەکی سەردەمیانە رێکخرابوو.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ (دووشەممە، 17-4-2023) لەنێوان شاندێكی باڵای هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی جەنەراڵ ماثيۆ مكفارلن، فەرماندەی هاوبەشی هێزی هاوپەیمان لە عێراق و سووریا و وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا پەیوەندیدارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان کرا و نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتیی کرد.
لە كۆبوونەوەكەدا هەروەها كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادە بوو.
بەپێی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بابەتی کۆبوونەوەکە گفتوگۆ بووە لەبارەی رێكخستنەوە و چاكسازی لە هێزی پێشمەرگە و هەڵسەنگاندن بۆ قۆناخەكانی جێبەجێكردنی ئەو پلانە كە لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا هەیە.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە باسکردنی ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانە كە دێنە بەردەم پرۆسەی یەكگرتنەوەی پێشمەرگە و رێكخستنەوەیان بە شێوەیەكی سەردەمیانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا هاوكارییە بەردەوامەكانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە قۆناخ و بوارە جیاوازەكاندا بەرز نرخاند و، جەختی لە خێراتركردنی هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگە و لابردنی بەربەستەكانى بەردەم پرۆسەكە كردەوە و، ئامادەیی خۆیشی بۆ هەر هاوكاری و پشتیوانییەك لەمبارەيەوە نیشان دا.
جەنەرال مكفارلن بەردەوامیی پشتگیری و هاوكارییەكانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە بوارە جیاوازەكاندا و جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی رێكخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەشێوەیەك هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن هێزێكی نیشتمانیی یەكگرتوو، دووپات كردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ