ھەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ: زیانلێکەوتووانی لافاوەکە قەرەبوو دەکرێنەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داوایان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کردووە خەمڵاندن بۆ زیانی لافاوەکەی هەفتەی رابردوو بکەن بۆ ئەوەی قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکەنەوە.
 
رۆژی دووشەممە 17-04-2023 حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەفتەی رابردوو نووسراومان بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەوەی خەمڵاندنێک بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردوو بکەن بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەیان".
 
بەگوتەی حوسێن کەلاری، دوای ئەوەی خەمڵاندن بۆ زیانەکان کرا، بە نووسراو ئاگاداری ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێتەوە بۆ ئەوەی قەرەبووی زیانلێکەتووان بکاتەوە، دەشڵێت "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو بابەتە لەسەر هێڵە و لەگەڵ پارێزگا و یەکە کارگێڕییەکان گفتوگۆی کردووە".
 
لە ئێوارەی سێشەممە 11ـی نیسانی 2023، شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە هەندێک شوێن بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای دهۆک، بووە هۆی دروستبوونی لافاو.
 
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "بەردەوام لەکاتی دروستبوونی لافاودا هەوڵدەدرێت قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکرێتەوە، بەڵام ئەوە کاتی دەوێت و دەبێت بزانین هەر هاونیشتمانییەک بەهۆی لافاو چەند زیانی بەرکەوتووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت چەند لەو زیانە بداتەوە".