خوێندنی کوردی لە شنگال: دامەزراندن بۆ خوێندنی عەرەبی هەیە و بۆ کوردی نییە

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق بڕیاری دامەزراندنی بۆ هەزاران مامۆستای وانەبێژ دەرکردووە، بەڵام وەک بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال دەڵێ، لە سنووری ئەوان مامۆستایان بۆ خوێندنی کوردی دانامەزرێن و بۆ خوێندنی عەرەبی دادەمەزرێن.
 
لەکاتێکدا حکومەتی عێراق بڕیاری دامەزراندنی بۆ مامۆستایانی گرێبەست دەرکردووە، پەروەردەی شنگال کە سەر بە هەرێمی کوردستانە و سەرپەرشتیی خوێندنی کوردی دەکات، دامەزراندنەکە نەیگرتووەتەوە. 
 
رۆژی دووشەممە 17ـی نیسانی 2023، مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال کە سەرپەرشتیی خوێندنی کوردی دەکات و سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "حکومەتی عێراق هیچ مامۆستایەک بۆ خوێندنی کوردی دانامەزرێنێت و ئەوەی هەیە بۆ مامۆستایانی خوێندنی عەرەبییە".
 
مەیسەر حەجی دەڵێت، ئەوان وەکو خوێندنی کوردی پێویستیان بە مامۆستا و بینای نوێ هەیە، بەتایبەت بۆ دامەزراندنی مامۆستا داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە، بەڵام "هیچ" وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.
 
لە شنگال قوتابییان بە سێ جۆر وانە دەخوێنن و پرۆسەی پەروەردە لەلایەن سێ لایەنەوە سەرپەرشتی دەکرێت؛ پەروەردەی شنگال - کوردی سەر بە پارێزگای دهۆکە لە هەرێمی کوردستان، پەروەردەی عەرەبیی شنگال هەیە و بە زمانی عەرەبی دەخوێنن و سەر بە حکومەتی عێراقە؛ هەروەها چەند قوتابخانەیەکی "کەم" لەلایەن خۆسەریی شنگالەوە سەرپەرشتی دەکرێن و بە کوردی بە پیتی لاتینی وانەکانیان دەخوێنن.
 
لە کاتێکدا لە شنگال 58 قوتابخانەی کوردی هەن، ژمارەی قوتابخانە عەرەبییەکان زیاترە لە 100 قوتابخانە.
 
بۆ خوێندن بە زمانی کوردی لە شنگال 330 مامۆستا و فەرمانبەر هەن کە دامەزراون، هەروەها 622 مامۆستای وانەبێژ وانە بە نزیکەی 12 هەزار قوتابیی کورد دەڵێنەوە.
 
مەیسەر حەجی، گوتی تەواوی ئەوانەی وانەی کوردی بە قوتابیان دەڵێنەوە و وەکو فەرمانبەر کار دەکەن، مووچەیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت و عێراق "هیچ" هاوکارییەکی خوێندنی کوردی ناکات.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال، هاوکارینەکردنی قوتابخانە کوردییەکان و گرنگیدان بە خوێندنی عەرەبی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، وایکردووە کوردانی ئێزدی "زیاتر" منداڵەکانیان بخەنەبەر خوێندنی عەرەبی.
 
دانەمەزراندنی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ خوێندنی کوردی دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، مامۆستایانی گرێبەست دەکەنە هەمیشەیی، لەو چوارچێوەیەدا لە سنووری کەرکووک 17 هەزار و 500 مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست دادەمەزرێن، لەوێش پشکی مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی تەنیا هەزار و 502 مامۆستا و فەرمانبەرە.