رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی کە بەشێک لە کۆمپانیاکان لەکاتی پەشیمانبوونەوە لە کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، ئۆتۆمبێل، زەویوزار و چەند شتێکی دیکە وەریدەگرن، دەڵێت: "كارێكی ناپه‌سنده و دروست نییه، چونكه له شەرعدا مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتن پێویسته بڕاوه‌یی و یه‌كجاری بێت و مه‌رجدار نه‌بێت."
رۆژی دووشەممە 17-04-2023، مەلا عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، بەرپرسی راگەیاندنی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەنجوومەنی باڵای فەتوا نوێترین فەتوای بڵاوکردووەتەوە لەبارەی پەشیمانبوونەوە لە مامەڵەی زەویوزار، خانووبەرە و هەر شتێکی دیکە، چونکە ئێستا نەریتەکە لەنێو بازاڕ بەو جۆرەیە مەرجێک لە گرێبەستەکە بەناوی مەرجی پەشیمانبوونەوە دادەنرێت بۆ ئەوەی هەرکەسێکیان پەشیمان بووەوە، بڕە پارەیەک بدات بەوی دیکە. ئەنجوومەنی فەتواش دەڵێت، پەشیمانبوونەوە تاوەکو سێ رۆژ بە مەرجێک دروستە، بەڵام وەرگرتنی پارە بە رەوا نابینین."
مەلا عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گوتیشی: "تێبینییەکی یەکجار زۆرمان بەدەستگەیشتووە کە خەڵکێکی زۆر زەرەری کردووە بەهۆی ئەو مەرجانەی لە کڕین و فرۆشتن دادەنرێن، لەکاتێکدا مەرجدانان لەسەر مامەڵەکردن شتێکی باش و شەرعی نییە."
زۆرجار بەشێک لە کۆمپانیاکان لەکاتی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، ئۆتۆمبێل و هەر شتێکی دیکەدا بڕە پارەیەک بەناوی مەرجی پەشیمانبوونەوە لە گرێبەست دادەنێن بۆئەوەی هەر لایەنێک لە بڕیاری کڕین و فرۆشتنەکە پەشیمان بووەوە، ئەو بڕە پارەیە بەلایەنی بەرامبەر بدات. ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستانیش لەوبارەوە فەتوایەکی دەرکردووە و ئەو کارە بە "کارێکی ناپەسند نێو دەبات."
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا دەڵێت: "ئه‌گه‌ر پایه و مه‌رجه‌كانی مامه‌ڵه‌ی شه‌رعی هاته‌دی و دروست بوو، ئه‌وه ئه‌و مامه‌ڵه‌یه به‌پێی شه‌رع داده‌مه‌زرێ و كه داشمه‌زرا ئیدی پێویسته فرۆشیاره‌كه شت و كه‌لوپه‌له فرۆشراوه‌كه رادەست بكات و كڕیاره‌كه‌ش نرخه‌كه‌ی رادەست بكات. ئه‌گه‌ر ئەوان له‌نێو مه‌جلیسه‌كه‌دا پێش ئه‌وه‌ی له یەکدی جودا ببنه‌وه یه‌كێكیان یان هه‌ردووكیان په‌شیمان بوونه‌وه، ئه‌وه مامه‌ڵه‌كه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و ئه‌مه‌ش كارێكی دروسته و پێی ده‌وترێت: (خیار المجلس)."
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ کرین و فرۆشتن مامەڵەیەکی دیکەش هەیە، ئەویش ئەوەیە هەردوولا ده‌توانن مەرجێک دابنێن تا سێ رۆژ كه پێی ده‌وترێت (خیار الشرط) و هه‌ر كامێكیان له‌و سێ رۆژه‌دا په‌شیمانبووه‌وه ئیدی به شێوه‌یه‌كی ئاسایی گرێبه‌سته‌كه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و فرۆشراو و نرخه‌كه ده‌درێنه‌وه به خاوه‌نه‌كانیان، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هیچ كڕین و فرۆشتنێك رووی نه‌دابێت."
بەپێی فەتوای ئەنجوومەنەکە بێت، "ئه‌گه‌ر هیچ یه‌كێک له‌وانە نه‌كران و نه‌بوون، ئه‌وا مامه‌ڵه‌كه ده‌بێته مامهڵەیهكی (لازم) و دامه‌زراو، له‌و كاته‌شدا په‌شیمانبوونه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كێک له لایه‌نه‌كان بەبێ رەزامه‌ندی لایهنهكەی دیكه سوودی نابێت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌كه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ردوو لایه‌نه‌كه رازی بوون به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌كه‌یان ئه‌وه به‌پێی شه‌رع پێی دەگوترێت (ئیقاله)، له‌م كاته‌شدا قبووڵكردنی ئیقالهی به‌رامبه‌ر به خێر و موستهحهببیش ده‌نووسرێت، به‌ڵام له‌م كاته‌دا ده‌بێت كۆی نرخه‌كه و ته‌واوی شته فرۆشراوهكهش بگه‌ڕێنه‌وه بۆ خاوه‌نی سه‌ره‌تای خۆیان بێ زیاد و كه‌م، ئه‌گه‌ر زیاد و كه‌می تێدا بوو ئه‌وا حه‌رام ده‌بێت، چونكه ئیقالهكه فه‌سخ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه بۆ عهقهده كۆنه‌كه، نه‌ک عه‌قدێكی تازه بێت."
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا دانانی مەرجی پێبژاردن بۆ هەندێک دۆخ بە رێگەپێدراو نێودەبات و دەڵێت: "دانانی مه‌رجی پێبژاردن له‌هه‌ندێ دۆخدا رێگه پێدراوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر زه‌ره‌ر به لایه‌نێكیان بگات كه ئه‌مه زیاتر له مامه‌ڵه‌ی دروستكردندا (عقد الاستصناع) جێگه‌ی ده‌بێته‌وه؛ بۆ نموونه پێی بڵێ كۆمپانیاكه‌مان له ماوه‌ی سێ مانگدا خانووت بۆ ته‌واو ده‌كات، به‌ڵام بوو به چوار مانگ، یه‌ک مانگ لایه‌نی دووه‌م بێ خانوو بووه و كرێی داوه و زه‌ره‌ری كردووه، ئەو کاتە ده‌كرێت زه‌ره‌ره‌كه‌ی بۆ بژمێردرێت؛ هه‌روه‌ها مه‌رجی جه‌زائی دروسته له‌نێوان حكومه‌ت و كۆمپانیاكاندا ببێت بۆ ته‌واوكردنی پرۆژه‌كان له واده‌ی دیاریكراودا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ