ماوەی هەفتەیەکە کارەبای کەمپەکانی حەسەن شام و خازر بڕاوە
رووداو - دیجیتاڵ
ماوەی هەفتەیەکە کارەبای کەمپەکانی حەسەن شام و خازر بڕاوە، بۆ چارەسەرکردنی دۆخی کارەباش ئێستا بەڕێوەبەری کەمپەکان نووسراویان ئاراستەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کردووە.
هەفتەیەکە ئەم ماڵباتە لە تاریکیدا بەربانگ دەکەنەوە، دیا و هەردوو هاوژینەکەی وەکو گەلێک ماڵباتی دیکەی عێراق بەهۆی شەڕی داعش لە موسڵ، ئێستا لە کەمپی حەسەن شامدا دەژین.
بەڵام هەفتەیەکە کارەبا لەنێو ئەو کەمپەدا نەماوە و کارەکانیان هەمووی خستووەتە رۆژەوە.
بە گوتەی سەلوا کە ژنێکی دانیشتووی کەمپەکەیە، زۆربەی شەوان تاوەکو کاژێر 8ی بەیانی بەخەبەرن.
سەلوا بەکر، ئاوارە دەڵێت "15 منداڵم هەیە، هەریەکە و پێوداویستییەکی هەیە. ئەو کوڕەی من لە بێشکەدایە و شەوانە لەبەر تاریکی دەگریت. سبەی هاوین دابێت، نە فێنککەرەوە دەبێت و نە ئاوی سارد، ئەوە کەی ژیانە؟"
هەفتەیەکە هەردوو کەمپی حەسەن شام و خازر کە ئاوارەی عێراقی تێدان، کارەبایان نییە. لە لایەکی دیکەی کەمپ قەرەباڵخییە و نۆرە گیراوە بۆ بارگاویکردنی مۆبایلەکانیان.
شەوانە گەنجەکان لە شوێنێک پارە کۆدەکەنەوە و گاز بۆ موەلیدە دەکڕن، هەم مۆبایلەکانیان بارگاوی دەکەن و هەم کاتیش بەسەردەبەن.
وەلید زیاد دەڵێت "ئێمە نزیکەی 30 بۆ 40 گەنجین لەدەوری یەک کۆدەبینەوە و پارە کۆدەکەینەوە. هەندێک 500 دینار دەدات و هەندێکیش هەزار دینار، گاز دەکڕین و موەلیدەکەی پێ هەڵدەکەین. هەر کەسێک مۆبایل یان باتری هەبێت، بۆی بارگاوی دەکەینەوە."
ئەرکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقە گاز بۆ موەلیدە دابین بکات، بەڵام ئەوە مانگێکە بڕەکەی کەم کردووەتەوە.
بۆ چارەسەرکردنی دۆخی کارەبا لەم سێ کەمپەدا، ئێستا بەڕێوەبەری هەرسێ کەمپەکە نووسراویان رەوانەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کردووە. چارەسەری ئەم کێشەیەش لای ئەوان بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوە.
عارف عەبدوڵڵا، بەرپرسی کەمپی ئاوارەکان لە رێکخراوی خێرخوازی بارزانی دەڵێت "بە بڕوای ئێمە چارەسەر ئەوەیە، ئێستا هێڵێکی کارەبا بۆ حەمدانیە بەسەر کەمپی خازردا دەڕوات، کارەبای هەرسێ کەمپەکە بەو خەتەوە ببەسترێتەوە، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەنراوە."