لە سلێمانی کارگەیەکی ئاسن داخرا

 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەو کارگەیەی ئاسن داخرا، کە رۆژی 9ی نیسان بەهۆی تەقینەوەیەک تێیدا، کەسێک گیانی لەدەستدا و 12 کەسی دیکەش بریندار بوون. قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت بەهۆی پابەندنەبوون بووە بە مەرج و رێنماییەکانی تایبەت بە پاراستنی سەلامەتی کرێکاران.
 
رۆژی یەکشەممە 17-4-2022، شیرین حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی سەلامەتیی کرێکار لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرجەکانی کارکردن و پاراستنی گیانی کرێکارەکان، دوێنێ شەممە کارگەی ماستەر ستیلی تایبەت بە توانەوەی ئاسنمان لە ناوچەی تانجەرۆ داخست".
 
شیرین حەمەساڵح گوتیشی، ئەو کرێکارانەی لەکارگەکەدا برینداربوون، جگە لە گیانلەدەستدانی یەکێکیان، سێی دیکەیان تەندروستییان ناجێگیرە، یەکێکیان برین لەسەریدا هەیە، یەکێکیان چاوێکی لەدەستداوە، کە ئەم دووانە خەڵکی هندستانن و دەنێردرێنەوە وڵاتەکەیان؛ ئەوی دیکە ئێرانییە و قاچێکی پەڕیوە.
 
سەبارەت بە کەموکورتییەکانی کارگەکە، سەرۆکی لیژنەی سەلامەتی کرێکار لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی گوتی: "هیچ مەرجێکی سەلامەتی کرێکار و مەرجە تەندروستییەکان لەنێو کارگەکەدا پەیڕەو نەکراوە، بنکەی تەندروستیی ئەمبوڵانسی تێدا نەبووە".
 
بەگوتەی شیرین حەمەساڵح، ئامێری سۆنەر، کە تایبەتە بە ئاشکراکردنی ماددە تەقەمەنییەکان لە کارگەکەدا نەبووە، بۆیە بە بڕیاری قایمقامی سلێمانی ئەو کارگەیە داخراوە، تاوەکو ئەوکاتەی پابەندی مەرج و رێنماییەکان دەبێت و خاوەنەکەیشی رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
 
رۆژی شەممە 09-04-2022 لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی تەقینەوەیەک لە کارگەی ماستەر ستیلی تایبەت بە تواندنەوەی ئاسن روویدا، بەهۆیەوە 13 کرێکار برینداربوون، کە دواتر کرێکارێکیان بەناوی (تاوە سنگ) تەمەن 44 ساڵ، خەڵکی هیندستان کە (50%)ی جەستەی سووتا بوو، گیانی لەدەستدا.