چیرۆکی ئەو گەنجە ئەڵمانییەی لە خەلیفان مۆبایلێکی رێدمینۆی لێدزرا و ئایفۆن 12یەکی پێشکێش کرا

رووداو دیجیتاڵ

گەشتیارێکی ئەڵمانی بە پایسکیلەکەی سنووری 14 وڵاتی بڕیوە. ئێستا لە هەرێمی کوردستانە، بەهۆی رووداوێکەوە یادگارییەکی لەبیر نەکراوی نووسیەوە. 
 
مارک تایپرۆسکای، گەشتیارێکی ئەڵمانییە، دوای گەیشتنی بە هەرێمی کوردستان لە شارۆچکەی خەلیفان بۆ وەنەزێک لادەداتە پارکێک، بەڵام مۆبایلەکەی لەلایەن دوو مێردمنداڵەوە دەدزرێت. 
 
مارک تایپرۆسکای دەڵێت، "ئەمە جیاواز دەبوو ئەگەر لە وڵاتێکی دیکە بوایە. بۆ نموونە ئەفسەری ئێشکگر لە کاتی کارکردنی خۆیدا نەبوو، بەڵام هات لەگەڵم و هەموو هەوڵێکی دۆزینەوەی مۆبایلەکەمیدا."
 
دوای گەڕان و لێکۆڵینەوە، پۆلیسی خەلیفان توانییان دوای هەشت کاژێر، ئەو دوو گەنجە بدۆزنەوە کە مۆبایلی گەشتیارەکەیان بردبوو. 
 
گەشتیارە ئەڵمانییەکە گوتی، "من بۆ دوو هەفتە لێرەم لە کوردستان، زۆر دڵخۆشم کە لێرەم، خەڵکی ئێرە زۆر دۆستانە رەفتار دەکەن و دەعوەتم دەکەن بۆ ماڵەوە، ئاوم پێدەدەن، دەرگای ماڵەکانیانم بۆ دەکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر شوێنی حەوانەوەم نەبوو لەوێ بخەوم، رۆژانە خەڵک رامدەگرن و لێم دەپرسن کە چیت پێویستە بۆ ئەوەی هاوکاریت بکەین." 
 
ئەو مۆبایلەی لە مارک دزرا، نرخەکەی نزیکەی 70 دۆلار بوو، بەڵام کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم بانگهێشتی کرد و مۆبایلێکی جۆری ئایفۆن 12 پرۆماکسی وەکو دیاری پێبەخشی.
 
مارک تایپرۆسکای باس لەوە دەکات، "زۆر حەز لە هەرێمی کوردستان دەکەم. زۆر خۆشحاڵم کە لێرەم و دەمەوێت سوپاسی کۆماری کوردستان بکەم کە پێشوازیام لێم کردووە. سوپاسی وەزارەتی ناوخۆ و بەتایبەتیش پۆلیس خەلیفان دەکەم."