سوپای تورکیا گوندێکی بەرواری باڵا تۆپباران دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە نێوان کاژێر 6 تاوەکو 7ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا دەوروبەری گوندی راڤینایان لە ناوچەی بەرواری باڵا تۆپباران کرد.
رۆژی یەکشەممە، 17ـی نیسانی 2022، رەفعەت ساڵح، موختاری گوندی راڤینا لە ناوچەی بەرواری باڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گوللە تۆپەکان لە هەردوو بەشی سەرەوە و خوارەوەی گوندەکە کەوتوونەتە خوارەوە، نزیکەی کیلۆمەترێک نزیکبووە لە ماڵەکانی نێو گوندەکە.
موختاری گوندی راڤینا باس لەوەش دەکات، تۆپبارانەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێی لەلای خەڵکی گوندەکە دروستکردووە.
گوندی راڤینا لە ناوچەی بەرواری باڵا لەسەر رێگەی سەرەکی ناحیەی کانی ماسێیە، رێگەیەکی نێودەوڵەتییە لە نێوان باشووری کوردستان لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیا بە رێگەی دەروازەی سەرزێری.
لە شەوی رابردووەوە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ھەشت جاری دیکە چیای کورەژار لە سنووری ناحیەی شیلادزێ و گەلی رەشاڤە لە سنووری ناحیەی دێرەلووک بۆردوومانکراوە، بەھۆی ئەو بۆردوومانانەوە خانووی ھاونیشتمانییەکی شیلادزێ زیانی بەرکەوتووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە دهۆک گوتی، فڕۆکەکانی تورکیا ئاڤاشین و ئاقاری گوندی سیتە و چیای کورەژار لە سنووری ناحیەی شیلادزێ و گەلی رەشاڤە لە سنووری ناحیەی دێرەلووکیان بۆردوومان کرد.