بڕیارەکەی بەریتانیا بەشێكی گەنجانی کورد لە کۆچکردن بۆ ئەو وڵاتە بێهیوا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارەکەی بەریتانیا لەبارەی رەوانەکردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتی رواندا لە ئەفریقا، بەشێک لە گەنجانی کوردی لە کۆچکردن بۆ ئەو وڵاتە نیگەرانکردووە.
تەحسین تاریق، پلانی دارشتبوو بە قاچاخ لە هەولێرەوە بەرەو بەریتانیا بکەوێتەڕێ. بەریتانیا بڕیارێکی دەرکرد کە هەر کۆچبەرێکی نایاسایی دەستگیربکات، 6500 کیلۆمەتر دووری بخاتەوە و بینێرێت بۆ وڵاتی رواندا. ئەو بڕیارە وایکرد تەحسین و چەندین هاونیشتیمانی دیکە بە پلانەکانیاندا بچنەوە.
تەحسین تارق، جامچی دەڵێت، "پێموایە ئەو بڕیارەی بۆریس جۆنسن داویەتی، بڕیارێکی زۆر تاکلایەنەیە. بڕیارێکە دژی مافی پەنابەرانە، چونکە ئەم بڕیارە هەموو چین و نەتەوەیەک ناگرێتەوە. بۆ نموونە ئێستا ئەو بڕیارە بەسەر پەنابەرانی ئۆکراینی جێبەجێ نابێت. بێ کێشە دەچنە بەریتانیا و هەروەکو پەنابەریش هەژماردەکرێن."
تەحسین تاریق، پیشەی جامچییە و خاوەن کاری خۆیەتی، بڕیارەکەی بەریتانیا مێشکی قاڵکردووە، بیر لە جێگرەوەیەک دەکاتەوە، جارێکی دیکە رێگە سەختەکەی ئەوروپا بگرێتەوە بەر و بگاتە دۆست و هاوەڵانی لە بەریتانیا.
تەحسین تارق باسی لەوەش کرد، "لە 2015ـەوە هەوڵدەدەم وڵات بەجێبهێڵم و بڕۆم بۆ بەریتانیا. رۆیشتیشم، بەڵام لە بولگاریا بەهۆی درۆ و بەڵێنی ناڕاستی قاچاخچییەکان کە پێیان گوتین رێگەکە ئاسانە، دەبوو بگەڕێمەوە، ئێستا بیر لەوە دەکەمەوە جارێکی دیکە بڕۆمەوە."
بەگوێرەی ئامارێکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە 2021دا 37 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان و عێراق کۆچیانکردووە.
لە ساڵی 2014 تاوەکو کۆتایی 2021، 663000 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە، 477 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان لە رێگەدا بەهۆکاری جیاواز گیانیانلەدەستداوە. تەنیا لە 2021یشدا 53 هاونیشتیمانی لە رێگەی کۆچکردن گیانیانلەدەستداوە، 19ـی دیکەش بێسەروشوێنن.