بەڕێوەبەری حەج و عومرە لە دهۆک: بەهۆی رەمەزانەوە نرخی عومرە گرانبووە

17-04-2022
هیدایەت جان
دیمەنی کەعبەی پیرۆز لە سعودیە. وێنە: AFP
دیمەنی کەعبەی پیرۆز لە سعودیە. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهای عومرە بۆ نزیکەی دوو هێندە بەرزبووەتەوە و بەڕێوەبەری حەج و عومرە لە پارێزگای دهۆکیش دەڵێ، بەرزبوونەوەی نرخی عومرە پەیوەندی بە رەمەزانەوە هەیە و لەچاو ساڵانی پێشوو جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 17-4-2022 سەرمەد ئالیخان، بەڕێوەبەری حەج و عومرە لە پارێزگای دهۆک، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13ی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات رایگەیاند، ئەوان هیچ دەستوەردانێک لە کاروباری کۆمپانیاکانی عومرەدا ناکەن و تەنیا چاودێریی ئەوە دەکەن کە ئاخۆ خزمەتگوزارییەکان پێشکێشی عومرەکاران دەکرێن یاخود نا.
 
سەرمەد ئالیخان دەڵێت، "لە هەموو پارێزگای دهۆک 53 کۆمپانیای حەج و عومرە هەن و لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا گەشتی عومرەیان بۆ زیاتر لە 4500 کەس لەو پارێزگایە رێکخستووە، ئێمە دەستوەردان لە دیاریکردنی نرخی ئەو کۆمپانیایانە ناکەین، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، چونکە ئەو کۆمپانیایانە بۆ کێبڕکێ چەند دەتوانن خزمەتگوزاریی باشتر پێشکێش بە هاووڵاتییان دەکەن، رۆڵی ئێمە لە عومرە تەنیا بەدواداچوون و چاودێرییە".
 
بەڕێوەبەری حەج و عومرە لە پارێزگای دهۆک لەبارەی نرخی عومرە کە نزیک بە دوو هێندە زیادیکردووە گوتی: "چەند هۆکارێک هەن بۆ ئەوەی نرخەکان گرانبوون، ئەگەر لەگەڵ ساڵانی پێش کۆرۆنا نرخەکان بەراورد بکەین، لە مانگی رەمەزاندا نرخی عومرە هەر بەو شێوەیە بووە، دوو ساڵە بەهۆی کۆرۆناوە دەرگەی حەج و عومرە لە لایەن سعودیەوە داخراوە، ئەمساڵ کە کراوەتەوە، خەڵکێکی زۆر دەیانەوێ عومرە بکەن".
 
سەرمەد ئالیخانی پێی وایە، ئەو خواستە زۆرەی خەڵک نەبووەتە هۆکار بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان وەک هەلێک بیقۆزنەوە و نرخەکان گران بکەن و دەشڵێت: "بەرزبوونەوەی نرخ پەیوەستە بە گرانبوونی نرخەکان لە وڵاتی سعودیە، ئێمە بەدواداچوونمان بۆ کرد و زانیمان سعودیە باجی لەسەر هۆتێلەکانی ئەو وڵاتە زیادکردووە و خاوەن هۆتێلەکانیش کە دوو ساڵە بەهۆی کۆرۆناوە کاریان نەکردووە، بەشێکیان تاوەکو ئێستا هۆتێلەکانیان نەکردووەتەوە و دڵنیا نین لەوەی دیسان بەهۆی کۆرۆناوە پێیان دادەخەن".
 
بەڕێوەبەری حەج و عومرە لە پارێزگای دهۆک دووپاتی دەکاتەوە: "رەمەزانان عومرە پێنج رۆژ زیاتری پێدەچێت تاوەکو کاتەکانی دیکە و ئەوەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی نرخی عومرە لەو مانگەدا کە بە وەرزی عومرە ناسراوە، زیاتر بێت لە کاتەکانی دیکە".
 
لەبارەی سەرپێچیی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە لە پارێزگای دهۆک، سەرمەد ئالیخان رایگەیاند: "ئەگەر بزانین کۆمپانیایەک نرخی زیادە وەردەگرێت یان ئەو بەڵێنانەی دەیدا بە هاووڵاتییان جێبەجێیان ناکات، بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی ناکەین، مانگی رابردوو بەو هۆکارانە چوار کۆمپانیامان سزاداوە و تاوەکو ئێستاش گەشتەکانیان راگیراوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو تۆمەتبارەکە لەکاتی دزیکردن.

لە کاتی قەدەخەی هاتووچۆدا دوو کەس زیاتر لە 51 ملیۆن دینار لە دوو کۆگەی هەولێر دەدزن

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی سەرژمێریدا، دوو تۆمەتبار، کە لە دوو کۆگەی خۆراکدا 41 ملیۆن دینار و 6,700 دۆلار (10 ملیۆن و 50 هەزار دینار)یان دزیبوو، دەستگیرکران.