قایمقامی ئامێدی: سنوورەکەمان لە ژێر تۆپباران و بۆردوومانێکی چڕدایە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ماوەی سێ هەفتەیە بەشێک لە ناوچەکانی سنووری ناحیەیی دێرەلوک، شێلادزێ و کانی ماسێ لە سنووری قەزای ئامێدی لە ژێر بۆردوومان و تۆپبارانکردنێکی چڕی فڕۆکە و تۆپخانەکانی تورکیادایە. قایمقامی قەزای ئامێدی دەڵێت، "بۆردوومانەکان بەردەوامن، بەڵام بەھۆی ئەوەی، ئەو ناوچانەی بۆردوومان دەکرێن چۆڵن زیانەکان نەزانراون." 
 
رۆژی یەکشەممە، 17ـی نیسانی 2022، وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی بە رووداوی راگەیاند، لە دوای نیوەڕۆوە تاوەکو ئێوارە بۆردوومان و تۆپبارانکردن لە ناوچەکانی چیای کورەژار، گەلی رەشاڤە و ناوچەکانی سنووری کانی ماسێ لە سنووری ھەرسێ ناحیەیی دێرەلوک، شێلادزێ و کانی ماسێ بەردەوامە. دەشڵێت، "ئەمڕۆ سێ هەفتەیە بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی چڕی ناوچەکانی سنووری نیروەرێکان و دەڤەری نھێل بەردەوامە."
 
بە گوتەی وارشین سەلمان، ئەو ناوچانەی بۆردوومان و تۆپباران دەکرێن، گوندەکان چۆڵن و ناوچەی شاخاوین، بۆیە زیانەکان نەزانراون، بەڵام دەنگی بۆردوومان و تۆپبارانکردن بەشێک لە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی نیگەران کردووە. 
 
ئێقبال کریادێری، دانیشتوویەکی ناحیەی شێلادزییە، بە رووداوی گوت، تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگی فڕۆکە لە ئاسمانی شێلادزێ بیستراوە و بۆردوومانی گوندەکانی نێرەوەرێکان و کورەژار بەردەوامە. دۆخەکە ترس و دڵەڕاوکێی بۆ خەڵک دروستکردووە. 
 
لە شەوی رابردووەوە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ھەشت جاری دیکە چیای کورەژار بۆردوومانکراوە و بەھۆی ئەو بۆردوومانانە خانووی ھاونیشتمانییەکی شیلادزێ زیانی بەرکەوتووە.
 
بێوار محەممەد تاھیر، دانیشتوویەکی ناحیەی دێرەلووکە، ڤیدیۆی کاتی بۆردوومانکردنەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە و دەڵێت، لە کاژێر 15:30ـەوە فڕۆکەکانی تورکیا دەستیان بە بۆردوومانکردنی ناوچانە کردووە و تاوەکو ئێستا دوو شوێن کە ئاڤاشین و ئاقاری گوندی سیتە و چیای کورەژار لە سنووری ناحیەی شێلادزێ و گەلی رەشاڤە لە سنووری دێرەلووکیان بۆردوومانکردووە.
 
لەبارەی زیانەکان، بێوار محەممەد ئاماژەی بەوەکرد، هیچ زیانێکی ماددی و گیانی بەر خەڵکی سڤیل نەکەوتووە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێ بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە دروستبووە، چونکە دوو رۆژی یەک لە دوای یەکە بەردەوام دەنگی فڕۆکە لە ئاسمانی ناوچەکە دەبیسترێت.