قایمقامی دەربەندیخان: یەک دینار بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان خەرجنەکراوە

17-04-2022
سۆران حوسێن
نیشانەکردن دەربەندیخان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان دەستپێدەکاتەوە؛ قایمقامی دەربەندیخانیش دەڵێت، "یەک دینار" بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکە خەرجنەکراوە.
 
رۆژی یەکشەممە 17-4-2022 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "دوای ئەوەی بەهۆی پەتای كۆرۆنا و لێكەوتە ئابوورییەكانی، كاركردن لە پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان وەستا، دووبارە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێتەوە؛ ئێستا نزیكەی 60%ی كارەكانی جێبەجێكراوە و بڕیارە ئەو بەشەی ماوە بەمزووانە تەواو بكرێت".
 
رۆژی یەکشەممە 17ی نیسانی 2022، سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئەم کاتەی قسە بۆ ئێوە دەکەم، یەک دینار بۆ پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان خەرج نەکراوە تاوەکو دەستپێبکاتەوە".
 
پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە گوژمەی 19 ملیۆن و 799 هەزار و 100 دۆلار جێبەجێ دەکرێت؛ قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت: "پارەکە بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام لەبەر نەبوونی پارە، پڕۆژەکە نەکەوتووەتەوەکار؛ دەبێت لە داهاتی نێوخۆی سلێمانی خەرجبکرێت و پارەش نییە".
 
سلێمان محەممەد سەبارەت بە ئاوی خواردنەوەی دەربەندیخان دەڵێت: "هیچ شیاوی خواردنەوە نییە؛ من خۆم بەکاری ناهێنم و زۆرینەش بەکاری ناهێنن؛ ئەی خەڵکە هەژارەکە چی بکات کە ئۆتۆمبێلی نییە و توانای نییە؟"
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە 75 هەزار كەس لە دانیشتووانی دەربەندیخان و دەوروبەری سوودمەند دەبن، گرفتی پیسبوونی ئاو و كەمیی ئاو لە سنوورەكە بە تەواوی چارەسەر دەكات.
 
وەزارەتی شارەوانی راشیگەیاندووە، جگە لەوەی ئێستا 60%ی كارەكانی جێبەجێكراوە، هاوكات بە رێژەی 90%یش كاری ئەندازەی شارستانی و 100%ی كاری دیزاینی تەواو بووە و ئێستاش كۆمپانیای بەڵێندەر سەرقاڵی دابینكردنی ئەو كەلوپەلانەیە كە بۆ تەواوكردنی بەشی كارەبا و میكانیكی پرۆژەكە پێویستن و بڕیارە لە ئاییندەیەكی نزیكدا دەست بەكارەكانی بكات.
 
پڕۆژەکە لە بەشەکانی وەرگر و پاڵاوتن و چارەسەركردن پێکدێت كە بە هێڵێكی سەرەكی بەستراونەتەوە بە بۆریی كاربۆن ستیل بە تیرەی 500 مللم و بە درێژی 2،8 كیلۆمەتر، پرۆژەكە دوو هێڵی دابەشكردنی ئاوی هەیە بە تیرەی 400 مللم و درێژی 250 مەتر و 300 مللم بە درێژی 1800 مەتر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە