رەوشی ئابووریی باکووری کوردستان بە قۆناخێکی مەترسیداردا دەڕوات

17-04-2020
مەهدی موتلو
​لە ئامەد خوات لەسەر کڕینی نان زیاد بووە
​لە ئامەد خوات لەسەر کڕینی نان زیاد بووە
نیشانەکردن باکووری کوردستان کۆرۆنا
A+ A-
 
 
رووداو - ئامەد

لە باکووری کوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆوە رەوشی ئابووری بە قۆناخێکی مەترسیداردا دەڕوات، ژمارەیەک شوێنیش مایەپووچ بوون. هاوکات ئەو شوێن و کۆگاکایانەی خۆراک و ماددە پاککەرەوەکان دەفرۆشن بازاڕیان گەرم بووە و لە گەشە دان.
 
لە ئامەد داخوازی لەسەر نانی فڕن زیاد بووە و خەڵکی لەبەر ئەوەی لە ماڵەوە دەمێننەوە، لە جاران زیاتر نان دەکڕن.
 
نیزامەدین یەڵماز، خاوەنی فڕنی کولێرەیە و دەڵێت، "خەڵک دەترسن لە ماڵەوە بەند ببن و نەتوانن بێنە دەرەوە، لەبەر ئەوە هەر شتێک لە رێژەی زیاتر دەکڕن. جاران ئەگەر نانێکیان بکڕیایە، ئێستا دوو بۆ سێ نان دەکڕن و لە ماڵەوە هەڵیدەگرن، هەر لەبەر ئەوەش فرۆشمان زیاد بووە".
 
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و خۆبەدوورگرتنی کۆمەڵایەتی کاریگەریی لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵکی باکووری کوردستان داناوە و گۆڕانکارییەکی گەورەی دروستکردووە، چونکە چایخانە، قاوەخانە، مۆڵ و خواردنگەکان داخراون و گەشت و سەیرانیش قەدەخەن و ژیان لە چوارچێوەی ماڵەوەدایە.
 
لەلایەکی دیکەشەوە قەدەخەی هاتووچۆ فشارێکی زیاتری لەسەر خەڵکی ئامەد داناوە و ئەوان پێداویستییەکانی رۆژانەیان مانگانە لە فرۆشگەکان دەکڕن تاوەکو بەشی خۆیان دابینبکەن.
 
محەممەد توور، هاونیشتمانییەکی ئامەدە و دەڵێت، "ئێمە ناچارین شتی زیاتر بکڕین. منداڵەکانمان لە ماڵەوە بەندن".
 
سەیفەدین ئەڵماس، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و دەڵێت، "ئێمە ناتوانین بێینە دەرەوە، دەستمان لەسەر دڵمانە و هەر خەممانە، لەبەر ئەوەیە ئێمە پێویستییەکانمان بە زۆری دەکڕین".
 
لە 11ی ئادارەوە کە یەکەم تووشبووی کۆرۆنا لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستنیشان کرا، لە فرۆشگەکانی شاری ئامەد کڕین و فرۆشی کاڵاکان بە رێژەی 300% بۆ 700% زیاد بووە.
 
شێخ مووس مەتە، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ساوەر، برنج، نیسک، ماکەرۆنی، رۆن، نۆک، پاقلە و دەمامک و شمەکی لەو جۆرە زیاتر دەفرۆشرێن. لە دەستپێکی ئەم قەیرانەدا خەڵکی بە لێشاو روویان لە فرۆشگەکان کرد. ئێستا دیسانەوە لەبەر ئەوەی لە کۆتایی هەفتەدا قەدەخەی هاتووچۆ هەیە، خەڵک لە ئێستاوە شت دەکڕن و لە ماڵەوە هەڵیدەگرن".
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیادبووندایە. بەو هۆیەشەوە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا هاتووچۆی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە 60 ساڵ زیاترە و لە 20 ساڵ کەمترە، بە تەواوی قەدەخە کرد. هەروەها رۆژی شەممە و یەکشەممە لە 31 شاری گەورەی تورکیا قەدەخەی هاتووچۆ دەسەپێنرێت. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە