وردەکاریی نەخۆشکەوتن و بڕینەوەی دەستی سەنا

رووداو - دهۆك

سەنا بەهۆی سكچوونەوە گەیەنرایە نەخۆشخانە، بەڵام دوای حەوت رۆژ لێژنەیەكی تەندروستی بڕیاری دا دەستێكی ببڕدرێتەوە، بەهۆی ئەوەی بە هەڵە كانۆلایەكی بۆ دانرابوو. باوكی سەنا سكاڵای لەسەر ستافی ئەو نەخۆشخانەیە تۆمار كردووە كە هەڵەكەی تێدا كراوە. ئەندامێكی لێژنەی تەندروستیی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت تاوەكو ئێستا 22 سكاڵایان لەسەر هەڵەی پزیشكان بۆ هاتووە.

رۆژی 7/4/2017 منداڵێكی دانیشتووی قەزای ئاكرێ، بەناوی سەنا عیسام كە تەمەنی دوو ساڵ و چوار مانگە، بەهۆی سكچوونەوە دەبردرێتە نەخۆشخانەی گوڵان لە ئاكرێ، بەڵام لەوێ تووشی بارێكی نەخوازراو دەبێت، دوای ماوەیەك دەستی رەش هەڵدەگەڕێ. رۆژی 16/4/2017 لێژنەیەكی تەندروستی لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك بڕیاری بڕینەوەی دەستی سەنا دەدەن.

عیسام رەجەب، باوكی سەنا چیرۆكی نەخۆشكەوتنی منداڵەكەی و بردنی بۆ نەخۆشخانە بۆ (رووداو) گێڕایەوە و گوتی: "ئێوارەی رۆژی هەینی بوو، هاوژینەكەم گوتی سەنا تووشی سكچوون بووە دەیبەم بۆ نەخۆشخانە، منیش گوتم باشە، شەو تەلەفۆنی كرد و گوتی ئەمشەو لە نەخۆشخانەی ئاكرێ دەمێنێتەوە، رۆژی دواتر لەبەر خراپیی رەوشی تەندروستی رەوانەی نەخۆشخانەی گوڵانی ئاكرێ كرا".

عیسام تاوەكو رۆژی دووشەممە 10/4/2017 هەر لەو نەخۆشخانەیە چارەسەری بۆ سكچوونەكەی وەرگرتووە، بەڵام باوكی دەڵێت "سەیری دەستیم كرد شین بووەتەوە، رۆژی دواتر زیاتر شین بووە و رەش هەڵگەڕا، بانگی پزیشكمان كرد، پزیشكەكە گوتی ئەوە كانۆلای بە هەڵە بۆ دانراوە بۆیە وای لێهاتووە. یەكسەر گوتی دەبێ نەشتەرگەری بۆ بكرێ".

رۆژی سێشەممەی رابردوو نەشتەرگەری بۆ دەستی سەنا كرا، دەستی سەنا شەقكرا، بەڵام چاك نەبووەوە، بۆیە رۆژی دواتر پزیشكەكان بڕیاریان دا بگوازرێتەوە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك، لەوێش چاك نەبوو، بەڵكو رۆژ بەڕۆژ دەستەكەی زیاتر رەش هەڵدەگەڕا و دەئاوسا. كاتێك دەركەوت هیچ چارەسەرێكی نییە، رۆژی 16/4/2017 لێژنەیەك لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك بڕیاریان دا دەستەكەی سەنا ببڕدرێتەوە، بۆ ئەوەی برینەكەی زیاتر تەشەنە نەسێنێ.

سەنا خوشكی دوو برایە، باوكی بە گریانەوە گوتی "سەنا بەو تەمەنە بچووكەوە دەبێ بەبێ دەستێك گەورە ببێ". باوكی سەنا لەگەڵ بیستنی هەواڵی بڕینەوەی دەستی كچەكەی، دوێنێ یەكشەممە لە بنكەی پۆلیسی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك سكاڵای لەسەر ستافی نەخۆشخانەی گوڵانی ئاكرێ تۆمار كرد. ئەو دەڵێت "نازانم كێ بە هەڵە كانۆلای بۆ كچەكەم داناوە، بەڵام دەبێ ئەو كەسە بدۆزرێتەوە و سزا بدرێ".

ئەحمەد محەممەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گوڵانی ئاكرێ، پشتڕاستی كردەوە كە ئەو كچە بەهۆی ئەوەی بە هەڵە كانۆلای بۆ دانراوە، وای بەسەرهاتووە. ئەحمەد محەممەد گوتی "سەنا پێشتر نەخۆشیی ئیفلیجی هەبووە، لاشە و ماسولكەكانی زۆر لاواز بوون، ئەو رۆژە بەهۆی سكچوون هێنایانە نەخۆشخانە، ئەوەی ئێمە بزانین بە هەڵە كانۆلای بۆ بەستراوە، بەو هۆیەش خوێن چووەتە ژێر پێستی".

سەبارەت بەو پەرستارەی كانۆلاكەی بۆ سەنا داناوە، ئەحمەد گوتی "نازانین كێ دایناوە، لێژنەیەكی لێكۆڵینەوەمان بۆ ئەو مەبەستە پێكهێناوە و بەدواداچوون دەكەین بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسەی كانۆلاكەی داناوە".

دكتۆر عەبدوڵڵا ئیبراهیم، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك بە (رووداو) راگەیاند "بەپێی ئەو پشكنینانەی كراون، دەركەوت ئەو منداڵە بەهۆی دانانی كانۆلا بە هەڵە وای بەسەرهاتووە، چەند پزیشكێكی پسپۆڕ سەیریان كرد، بڕیاریان دا دەستەكەی ببڕینەوە، چونكە نەبڕینەوەی دەستەكەی زیانی زیاتر دەبوو لە بڕینەوەی".

تەنیا ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆك، چوار سكاڵا لەسەر هەڵەی پزیشكان تۆمار كراون. د.شیرین حوسنی، سەرۆكی لێژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان بە (رووداو)ی گوت "هەتا ئێستا كەسوكاری 22 نەخۆش سكاڵایان لە دەست هەڵەی پزیشكان گەیاندووەتەوە لای ئێمە. 10 لەوانە لە پارێزگای هەولێر بوون، هەشت لە سلێمانی و چواریش لە پارێزگای دهۆك بوون. زۆربەشیان لەلای پۆلیس سكاڵایان تۆمار كردووە".

بە گوتەی د.شیرین، زۆربەی ئەو حاڵەتانە لێژنەی لێكۆڵینەوەیان بۆ پێكهێنراوە، بەڵام دەڵێت :"لێژنەكە ئەنجامێكیان نابێ لە بەرژەوەندیی نەخۆشەكە بێ، چونكە ئەندامانی لێژنەكە هەموویان پزیشكن و ئەوانیش پشتی هاوڕێكانیان بەرنادەن. هەر لەبەر ئەوەش تاوەكو ئێستا هیچ پزیشكێك سزا نەدراوە". 

گوتیشی "تاوەكو ئێستا لە چوار حاڵەتەكەی شاری دهۆك تەنیا یەك كەیس رەوانەی دادگا كراوە، ئەویش كەیسی پزیشكێكی تازەدەرچووی خۆبەخش بووە. دۆسیەكەشی لەسەر بێهۆشبوونی گەنجێكە بەناوی بزاف كە دوو مانگ لەمەوبەر نەشتەرگەری بۆ كراوە و هێشتا بەهۆش خۆی نەهاتووەتەوە".