دایکی سەنا: هەرگیز لە پەرستارەکە خۆشنابین

رووداو - دهۆک 

لە 8ـی ئەم مانگەوە دەستی سەنا حیسام دووچاری رەشداگەڕان و ئاوسان بووەوە، لیژنەیەکی پزیشکی دهۆک بڕیاری دا دەستی ببڕدرێتەوە، دایکشی دەڵێ لەو کەسە خۆشنابین کە بووە هۆی بڕینەوە دەستی کچەکەمان.

سەنا حیسام، کچێکی تەمەن دوو ساڵ و چوار مانگە، وەکو تەنها چارەسەر بۆ پاراستنی گیانی و تەشەنە نەکردنی نەخۆشیەکەی، دەستی بڕایەوە. باوکی دەڵی چەند رۆژێک لەمەوبەر کچەکەی بردووەتە نەخۆشخانەی ئاکرێ، پەرستارێک حەوت جار کانۆلای بۆ داناوە، بەڵام هەر نەیتوانیوە لە شوێنی دروست دایبنێ.

پزیشکەکانی دهۆک لە سەر ئەوە هاوڕان کانۆلاکە ئاوت بووە، گوشاری لەسەر دەستی سەنا داناوە، لەبەرئەوە دوو لیژنەی پزیشکی و یاسایی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دەستبڕینەوەی سەنا پێکهێنران.

بڕینەوەی دەستی سەنا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و بووە رۆژەڤ. پەرێشان عەبدوڵڵا، دایکی سەنا دەڵێ بۆ چارەسەری سکچوونی سەنا چووینە نەخۆشخانە، "بە دوو دەست بردمان و بە یەک دەست هێنامانەوە، بۆیە هەرگیز لەو کەسە خۆشنابین کە بووە هۆی بڕینەوەی دەستی".

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار