کۆنسووڵی چین لە هەولێر: لەمەدوا ڤیزەی گەشتیاری دەدەین

16-03-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆنسووڵی گشتیی چین، پیرۆزبایی مانگی رەمەزانی کرد و باسی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان کرد. هەروەها جەختی لە پابەندبوونی چین بە گەشەی ئابووری، پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و هاوکاریی نێودەوڵەتی کردەوە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیدارن بە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە.
 
کۆنسووڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان ئەو قسانەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا کرد، رایگەیاند، وڵاتەکەی هاوبەشێکی گرنگی بازرگانیی عێراق و هەرێمی کوردستانە، بەتایبەت لە وزە و ژێرخاندا. لیو جیون، باسی چەند خاڵێکی دیکەشی کرد لەوانە: کشتوکاڵی زیرەک، پیشەسازیی پێترۆکیمیایی، پڕۆژەی پشتێن و رێگە.
 
پەیوەندییەکانی چین و هەرێمی کوردستان
 
پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو لە کۆنفرانسەکە پرسیاری لێکرد: هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی دروستکردنی هەزار قوتابخانە لە عێراق لەلایەن چینەوە بێبەشە، چین چی دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی هەرێمی کوردستان سوود لەم پڕۆژەیە وەردەگرێت؟
 
لیو جیون گوتی: "ئێستا نزیکەی هەزار قوتابخانە دروستکراون و تەواوبوون، زۆربەیان لە باشوورن. تاوەکو ئێستا دوو کۆمپانیای چینی کار لە پڕۆژەکەدا دەکەن، تاوەکو ئێستا تەنانەت یەک قوتابخانەش لە هەرێمی کوردستان بنیات نەنراون، چونکە ئەم پڕۆژەیە پلانی حکومەتی فیدراڵە لە نێوان عێراق و چین، ئەوان رێککەوتنێک لە نێوانیان هەیە. حکومەتی عێراق تێچووی دروستکردنی قوتابخانەکان لەئەستۆ دەگرێت و کۆمپانیا چینییەکان تەنیا کاری دروستکردن و بنیاتنان دەکەن. ئێمە هیچ بڕیارێکمان بەدەستەوە نییە."
 
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە سەبارەت بە پێنەدانی ڤیزەی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، کۆنسووڵی چین گوتی: "لە ئەمساڵەوە دەست بە پێدانی ڤیزەی گەشتیاری دەکەین، بەڵام تەنیا بۆ ئەوانەی بە گرووپ گەشتی چین دەکەن، نەوەک بە تاک."
 
جیون گوتی، دەکرێت عێراق سوود لە ئەزموونی چین وەربگرێت لە ستراتیژییەتی دامەزراندن، پلانی ئابووری و پێشکەوتنە ئابوورییەکاندا؛ هەروەها کراوەیی چینی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ سیاسەتی وەبەرهێنانی دەرەکی، رێککەوتنی بازرگانیی ئازاد و سیاسەتی گەشتکردن بەبێ ڤیزە.
 
دوو کۆنگرە: رووداوە سیاسییە گەورەکەی چین 
 
جیون باسی "دوو کۆنگرە"ـی چینی کرد کە یەکێکە لە رووداوە سیاسییە گرنگەکانی وڵاتەکە و جیهان.
 
دوو کۆبوونەوە لە دوو سەکۆی سەرەکی پێکهاتووە؛ کۆنگرەی نیشتمانیی گەل (NPC) باڵاترین دەزگەی یاسادانانی چینە کە بەرپرسە لە یاسادانان، پێداچوونەوە بە بودجەی نیشتمانی و سیاسەتەکانی حکومەت.
 
کۆنگرەی راوێژکاریی سیاسیی گەلی چین (CPPCC) کە نوێنەرانی کەرتە جۆراوجۆرەکان لەخۆدەگرێت، لەوانە جووتیار و کرێکارانی گەیاندن.
 
لیو جیون ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکان لە کاتی دوو کۆبوونەوەکەدا ئاراستەی سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی چین دیاری دەکەن کە کاریگەرییەکی بەرچاوی نێودەوڵەتییان دەبێت.
 
گەشەی ئابووری و سەقامگیری 
 
ئاستی ئابووری چین یەکێک بوو لەو خاڵانەی کە زۆر باسی لێوەکرا. جیون جەختی لەوە کردەوە کە بەرھەمی ناوخۆیی وڵات گەیشتووەتە 18.5 تریلیۆن دۆلار لە ساڵی رابردوودا و بە رێژەی 5% گەشەی کردووە.
 
پلانی ئابووریی سەرەکیش ئەمانەن: 
 
• دروستکردنی 12 ملیۆن دەرفەتی کار بۆ جێگیرکردنی دەرچووانی نوێی زانکۆ.
• فراوانکردنی بەرھەمی دانەوێڵە بۆ 7 ملیار کیلۆگرام بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی خۆراک بۆ 1.4 ملیار کەسی چین.
• گەشەکردن لە کەرتی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، کە 13 ملیۆن ئۆتۆمبێلی وزەی نوێ لە ساڵی رابردوودا بەرھەم ھاتووە.
• جیون ھیوای خواست کە زووتر ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی "دروستکراوی چین" زیاتر لە ھەرێمی کوردستان ببینرێن.
 
پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان
 
جیون چەمکی "ھێزی بەرھەمی کواڵیتیی نوێ"ی ناساند، کە بریتییە لە گۆڕانکاریی لە مۆدێلەکانی گەشەی نەریتییەوە بۆ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان؛ ئەوەشی خستەڕوو کە ھەوڵی چین بۆ داھێنان خاڵێکی سەرەکی دیکە بووە.
 
هەروەها جەختی لە کاریگەری ئامرازەکانی AI کردەوە وەک  DeepSeek، کە چارەسەری پیشەیی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا پێشکەش دەکات.
 
لیو جیون پێشبینی ئەوەی کرد کە لە ماوەی چەند ساڵێکدا رۆبۆتەکان دەبنە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی رۆژانە و یارمەتی کارەکانی ناوماڵ و چاودێریکردنی بەساڵاچووان دەدەن.
 
کۆنسووڵی چین ئاماژەی بە نایەکسانییە ئابوورییەکان لە ناوخۆی چیندا کرد و باسی لە چاکسازییە بەردەوامەکان کرد کە ئامانج لێی هاوسەنگکردنی گەشەپێدانی ناوچەییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە