جەمیل بایک: کەس ناتوانێت بەبێ رێبەر ئاپۆ کۆنگرە ببەستێت

رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، بۆ ئەوەی پرۆسەی چارەسەری بەرەوپێش بچێت، دەبێت هەلومەرجی ئازادیی کارکردن بۆ ئۆجەلان بڕەخسێندرێت، دەشڵێت، ''جگە لە رێبەر ئاپۆ، کەس ناتوانێت کۆنگرە ببەستێت''.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رۆژی دووشەممە، 17ی ئاداری 2025 لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، دەبێت هەلومەرجی ئازادیی کارکردن بۆ ئۆجەلان بڕەخسێندرێت.
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان پێیوایە، ئەو هەلەی بۆ پرۆسەی چارەسەری هاتووەوە پێشەوە، نابێت بە فیڕۆ بدرێت، دەشڵێت، ''پێویستە هەمووان بە زیادەوە ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن''
بایک ئاماژەی بەوە کرد، بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان و بەستنی کۆنگرە لەلایەن پەکەکە، دەبێت هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان بوەستێندرێن.
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لەبارەی بەستنی کۆنگرەی پەکەکە جەختیکردەوە: ''دەبێت هەمووان ئەمە بزانن، جگە لە رێبەر ئاپۆ، ھیچ کەس ناتوانێت کۆنگرە ببەستێت. چونکە ئەو کەسەی ئەم بزووتنەوەیەی دامەزراند و گەشەی پێدا، رێبەر ئاپۆ بوو، نە بەڕێوەبەرایەتیی پەکەکە و نە کادیرانی پەکەکە ناتوانن ئەمە بکەن''.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە بانگەوازەکەیدا بۆ پەکەکە گوتی: "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت ئۆجەلان خۆی سەرپەرشتی کۆنگرەکە بکات