دەستدرێژیکارانی سەر کچە شەش ساڵانەکەی بۆکان سزادران

رووداو دیجیتاڵ
پارێزەری دۆسیەی منداڵە شەش ساڵانەکەی بۆکان رایگەیاند، "تاوانبارانی دەستدرێژی کردنە سەر نیان سزا دران". کە یەکێکیان بە بەرچاوی خەڵکەوە لە سێدارە دەدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی ئاداری 2025، سەردار حاجی ئەحمەدی، پارێزەری دۆسیەی نیان چەلبیانی بە رووداوی راگەیاند،" بە تاوانی دەستدرێژکردنە سەر نیانی تەمەن 6 ساڵ، چوار کەس سزا دراون".
حاجی ئەحمەدی بە رووداوی گوت،"یەکێک لە تاوانباران بە ناوی (ا.خ) سزای لە سێدارەدان لە ناو جەماوەری بە سەردا سەپێندرا. سێ کەسەکەی دیکەش بە تاوانی بەشدار بوون لە تاوانەکە هەر یەک بە 15 ساڵ بەندکردن سزادران".
ئەو چوار کەسە بە تۆمەتی دەستدرێژی و کوشتنی بە ئەنقەست دادگایی دەکرێن.
بە گوتەی پارێزەری بنەماڵەی نیان، ئەو سزایەی تاوانبارەکان تەنیا پەیوەندی بە تاوانی دەستدرێژییە بۆ سەر نیان، هێشتا سزای کوشتنی بە ئەنقەستیشیان ماوە.
فەرزانە رەحمانی، دایکی نیان چەلەبیانی بە رووداوی راگەیاند، ئەوان ئاگادارن کە دادگا سزای تاوانبارانی دۆسیەی کچەکەیانی داوە. گوتیشی: "ئەم سزایە بۆ ئەوان کەمە، بەڵام ئێمە بە بڕیاری دادگا رازین".
شەوی پێنجشەممە 16-01-2025 باوک نیان و ئەو ژنەی "پەیوەندی لەگەڵیدا" هەبووە، نیان دەیگەیێننە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی بۆکان. پزیشکی ئێشکگر و پەرستارانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی بۆکان ئاسەواری دەستدرێژی سێکسی و هەروەها ئازاردان و سووتاندن لەسەر جەستەی ئەو کچە دەبینن، بۆیە پاسەوانانی نەخۆشخانە ئاگادار دەکەنەوە و هەر لەوێ باوکی نیان دەستبەسەر دەکرێت. نیان رەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ دەکرێت، بەڵام رۆژی دواتر بەهۆی سەختی برینەکەی گیان لەدەستدەدات.
ئەو کەسەی دەستدرێژی کردووەتە سەر نیان کوڕێکی 19 ساڵانی خەڵکی سەقزە. ئەو کوڕە لە رێگەی دایکی و خوشکەکەیەوە هاتووچۆی ماڵی باوکی نیانی کردووە و لە لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەداناوە دەستدرێژی کردووەتەسەر نیان. دەشڵێت، لەژێر کاریگەری بەکارهێنانی مادەی هۆشبەردا ئەو کارەی کردووە
مردنی نیان ناڕەزایی خەڵکی بە دوای خۆیدا هێنا و داوای لە سێدارەدانی تاوانبارانیان کرد.