وەزارەتی شارەوانی: 54 هەزار فەرمانبەری دیکە ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە

وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، "ئەوانەی سوودمەند بوون زیاتر خانەنشینی شارستانین".
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی رایگەیاند، 54 هەزار فەرمانبەری دیکە ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە. راشیگەیاند، "ئەوانەی سوودمەند بوون زیاتر خانەنشینی شارستانین."
 
رۆژی دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشتر ناوی ئەو 54 هەزار فەرمانبەرە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نێردرابوون، ئەمڕۆ رەزامەندییان لەسەر درا و دواتر ناوەکانیان دەنێرین بۆ شارەوانییەکان."
 
پێشتر 216 هەزار فەرمانبەر ناویان بۆ شارەوانییەکان نێردرابوو بۆ وەرگرتنی زەوی. بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی دەڵێت: "ئەو 54 هەزار کەسە هێشتا نەنێردراون بەڵام دەنێردرێن بۆ شارەوانییەکان و بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، سلێمان، دهۆک، ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین، گەرمیان، زاخۆ و سۆران دابەش دەکرێن، بەپێی ژمارەی دانیشتووان و فەرمانگەکان، ئەو کەسانەی ئەم جارە سوودمەند بوون زیاتر خانەنشینی شارستانین."
 
بە گوتەی سەربەست مەولوود، تاوەکو ئێستا لە پارێزگای هەولێر رەزامەندی لەسەر ناوی 90 هەزار فەرمانبەر و لە سلێمانی نزیکەی 60 هەزار فەرمانبەر دراوە.
 
بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی گوتی، "پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو زۆرترین فەرمانبەر لێ سوودمەند دەبن، تاوەکو رۆژی پێنجشەممە ناوی فەرمانبەری دیکەش ئامادە دەکەین و بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی دەنێرین ئەم جارە زیاتر خانەنشینان و پێشمەرگەکان سوودمەند دەبن."
 
9-2-2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، گەڕی دووەمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دەستپێدەکات و ئەم جارە زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەوی لە 17ـی تشرینی دووەمی پار دەستیپێکرد. لە هەولێر 5 هەزار، لە سلێمانی 6 هەزار و 577، لە گەرمیان دوو هەزار و 474، لە دهۆک هەزار و لە زاخۆش هەزار و 241 پارچەزەوی دابەش کران.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری 2024 بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
 
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.
 
سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
 
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.