رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە کشتوکاڵی کرماشان رایگەیاند، بەهۆی سەرماوە بایی زیاتر لە 691 ملیار تمەن (نزیکەی 7 ملیۆن و 650 هەزار دۆلار) زیان بە باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکە کەوتووە.
تورەج خانەزاد، بەڕێوەبەری هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە سەرمایەی سێ هەفتە لەمەوبەر زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکەی گرتەوە، زیانێکی زۆر بە نزیکەی 47 هەزار و 720 هێکتار لە رەز و باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکە کەوتووە.
بە گوتەی خانەزاد، قەبارەی زیانەکان بە زیاتر لە 691 ملیار تمەن (نزیکەی 7 ملیۆن و 650 هەزار دۆلار) دەخەمڵێندرێت و ئەگەری ئەوە هەیە زیاتریش بێت.
ئەو بەرپرسەی پارێزگای کرماشان راشیگەیاند، راپۆرتێکیان سەبارەت بە زیانەکانی کەرتی کشتوكاڵ ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا قەرەبووی بەشێک لە زیانی جووتیاران بکرێتەوە.
تورەج خانەزاد گوتیشی، ئەگەر زەوییە کشتوکاڵییەکان لە لایەن جووتیارانەوە بیمە کرابن، دەتوانن داوای قەرەبوو بکەن و دوای هەڵسەنگاندنی داواکارییەکانیان لە لایەن کۆمپانیاکانی بیمەوە قەرەبوویان پێدەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ