قوباد تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی: لێکتێگەیشتنی باش دروست بووە

رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، لە کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، "لێکتێگەیشتنی باش" لەسەر پێکهێنانی حکومەت دروستبووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەی نێوان بەڕێزان سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و کاک مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لێکتێگەیشتنی باش دروست بووە لەسەر پرسە گرنگەکانی پەیوەندیدار بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو."
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت: "لە کۆبوونەوەم لەگەڵ بەڕێز پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق هیوامان خواست ئەم کەشە ئەرێنی و لێکتێگەیشتنەی دروست بووە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا و خزمەتگوزار خێراتر بکات."
رۆژی یەکشەممە، 16-3-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
مەسرور بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی گوتی: "ئەمە دووجارە دوو کۆبوونەوەی زۆر ئەرێنی و باشمان ئەنجامدا".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "دوو کۆبوونەوەی زۆر ئەرێنی و باشمان ئەنجامدا بۆ لێکنزیکبوون و تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی کە گرنگن بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکەمان بەشێوەیەکی گشتی".
هاوکات، بافڵ تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەکە باسی لەوە کرد، "کۆبوونەوەکەمان زۆر زۆر باش بوو؛ لە سەر چەند شتی ستراتیژی کە بۆ میلـلەتەکەمان باش بێت، رێککەوتین. گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن. ئامانجی هەردووکمان ئەوەیە بە زووترین کات حکومەتێک دروستبکەین بۆ خزمەتی گەلەکەمان".
مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، ئەو قسانەیان دوای کۆبوونەوەکەیان کرد و دواتر بە تەوقەیەکی گەرم ماڵئاواییان لە یەکدی کرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتیش، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی هەنگاو و رێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و "هەردوولا کۆبوونەوەکانیان بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار لە زووترین کاتدا".