رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی رایگەیاند، نرخی تەماتە و پەتاتە گران بوون و داوایان لە وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە قەدەخەی سەریان هەڵبگرێت. وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، قەدەخەی هاوردەکردنی پەتاتە بەردەوام دەبێت و بۆ تەماتەش ئەگەر زانییان کەمە، بۆ ماوەیەکی کاتی قەدەخەی هاوردەکردنی هەڵدەگیرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پەتاتە و تەماتە لە عەلوەی سلێمانی کەم بووە، بەو هۆیەوە نرخیشیان گران بووە، ئێستا تەماتە کیلۆی بە 900 دینارە، پێشتر بە 650 تاوەکو 700 دینار بوو.
سەبارەت بە نرخی پەتاتەش، سەروەر عەلی گوتی. پەتاتەی سووری و پاکستانی هەن، پەتاتەی سووری پێشتر بە 600 دینار بوو، ئێستا بە 900 بۆ 1000 دینارە. پەتاتەی پاکستانیش ئێستا کیلۆی بە 800 بۆ 850 دینارە، نرخی پەتاتەی خۆماڵی پێشتر تەنیا بە 500 دینار بوو، بەڵام ئێستا لە گومرگ نییە.
رۆژی 26-01-2025، قەدەخەی هاوردەکردنی تەماتە چووە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەوکات، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە رووداوی گوت، ئەگەر نرخەکەی بەرزبێتەوە، خوێندنەوە بۆ بڕیاری قەدەخەکردنەکە دەکەن.
سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بە نووسراو و تەلەفۆنیش، داوایان لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کردووە قەدەخەی سەر هاوردەکردنی تەماتە و پەتاتە هەڵبگرن.
ئەو تەماتەیەی ئێستا لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێ، زۆربەی تەماتەی عێراقییە و لە بەسرەوە هاوردە دەکرێ.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە رووداوی گوت: "ئاگادارین تەماتە گران بووە، راپۆرتی هەموو عەلوەکان وەردەگرین، ئەگەر گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کەمی کردووە و گران بووە، ئەوکات هاوردەکردنی تەماتە بۆ ماوەیەکی کاتی هەڵدەگیرێت تاوەکو ئەو کاتەی تەماتەی خۆماڵی پێدەگات".
بە گوتەی هیوا عەلی، بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی تەماتە بۆ "پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و ساخکردنەوەیان بووە لە بازاڕەکان دا".
لەبارەی قەدەخەی هاوردەکردنی پەتاتە، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، بەردەوام دەبێت و هەڵناگیرێت، چونکە هەرێمی کوردستان زیاد لە پێداویستیی ناوخۆ بەرهەمی پەتاتەی هەیە. گوتیشی "خۆمان هەناردەشی دەکەین، بە رێژەیەکی زۆر لە ساردکەرەوەکاندا هەن، رەنگە لە شوێنێک کەمی کردبێت، بەڵام بە گشتی ئەو کێشەیەمان نییە".
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، پار لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 600 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەم هاتووە. نزیکەی 40 هەزار تۆنی هەناردەی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو کراوە. هەندێکیشی هەناردەی ئەفریقا کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ