ئاگر 9 کاژێر قامیشەڵانی زرێباری سووتاند و دواتر کۆنترۆڵکرا

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
پاش 9 کاژێر ئاگرەکەی قامیشەڵانی دەریاچەی زرێبار کۆنترۆڵ کرا
پاش 9 کاژێر ئاگرەکەی قامیشەڵانی دەریاچەی زرێبار کۆنترۆڵ کرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پاش 9 کاژێر ئاگرەکەی قامیشەڵانی دەریاچەی زرێبار کۆنترۆڵ کرا. ئەوە لە کاتێکدایە چەند جارێکی دیکە ئاگر لەو قامیشەڵانە کەوتووەتەوە و ژینگەپارێزان هۆشداری لە بچووک بوونەوەی سەوزایی ناوچەکە دەدەن.
 
هیوا مەنووچێهری، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی مەریوانە و لەبارەی رووداوەکە دەڵێت: "ئەمە ئەنفالێکە بە ناوی ئەنفالی ژینگە، ئایا دەبێ بەم شێوەیە زرێبار لەناوببرێت؟ زۆر بەداخم کە ئەم ژینگەیە زۆر جوانە لە لایەن خۆشمانەوە بە باشی ناپارێزرێت. ئەم سووتاندنە، سووتاندنی سەر و ماڵ و رۆح و هەناسەی هەموو مرۆڤێکە کە بەداخەوە هەموو ساڵێک ئەمە پەیتا پەیتا دەستپێدەکات بۆ ئەوەی ئەوەندی دیکە زرێبار بەرەو لەناوچوون بچێت."
 
ساڵانە ئاگرکەوتنەوە لە قامیشەڵانی دەریاچەکە چەند بارە دەبێتەوە. ژینگەپارێزان دەڵێن، سووتانی ئەو قامیشەڵانە "رووبەری سەوزایی دەوروبەری دەریاچەکە بچووک دەکاتەوە، گیانی بوونەوەر و پەلەوەرەکان دەخاتە مەترسییەوە و زیانی ژینگەیی دیکەی دەبێت."
 
ناسیح حوسێنی، شارەزای ژینگەیە و گوتی: "زیانەکان بریتین لە لەناوچوونی جۆراوجۆری ژینگەیی، لەبەر ئەوەی زرێبار وەکو کۆلێکشنێکی ژینگەیی وایە. چونکە زیاتر لە 300 جۆر پەلەوەری تێدایە، زیاتر لە 20 جۆر ئاژەڵی تێدایە و نزیکەی 400 جۆر گیای تێدایە. ئێمە گیامان هەیە کە تایبەتە بە ناوچەی مەریوان، بەڵام بەداخەوە بەو ئاگرتێبەردانە، زیانێکی زۆریان پێگەیشت. بەداخەوە پێمانوایە یارمەتیدەر دەبین بۆ زرێبار، بەڵام لە راستیدا زیانی زۆری پێدەگەیێنین."
 
ژینگەپارێزان رەخنە لەوە دەگرن کە لە مەریوان ئامێر و کەرەستەی پێشکەوتووی تایبەت بۆ کووژاندنەوەی ئاگری گەورە نییە.
 
ناسێح حوسێنی دەشڵێت: "ئەو شتانەی پێویستن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئاگرەکان بکوژێننەوە، بەداخەوە نییە و تەنیا شتێک کە بتوانێ ئاگری قامیشەڵانەکان بکوژێنێتەوە، چونکە شوێنەکەی خراپە و لە دەوروبەری ئاوێکی زۆر هەیە و قوڕ و زەڵکاوە، تەنیا هێلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوەیە کە بەداخەوە بۆ زرێبار بەکارناهێندرێت."
 
بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای سنە دەڵێت، بە پێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان زیاتر لە 15 هێکتار قامیشەڵان بەهۆی ئاگرەکەوە سووتاون؛ جەخت لەوەش دەکاتەوە، رێوشوێن و بەدواداچوونی پێویست بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری ئاگرکەوتنەوە دەستیپێکردووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە