سوودانى: حکومەت هەوڵى زۆر دەدات بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان

رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، حکومەتەکەى هەوڵى زۆر دەدات بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش دانوستاندنەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانى نەوت بەردەوامە.
ئەو گوتانەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەیەکی دا بووە لەگەڵ شاندێکى باڵاى حکومەتى تورکیا بە سەرۆکایەتیى ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیرى وزە و سەرچاوە سروشتییەکانى تورکیا کە دوێنێ یەکشەممە، 16ـى ئادار سەردانى عێراق و هەرێمى کوردستانى کرد.
نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سوودانی دەڵێت، سەرۆکوەزیران جەختى لەوە کردووەتەوە حکومەتەکەى "هەوڵى زۆر" دەدات بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان.
سوودانى ئاماژەى بەوەداوە، دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بەردەوامە کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە تەکنیکییەکانى بەردەم هەناردەکردنەوەى نەوت.
لە کۆتایی مانگى ئادارى 2023ەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، دواى هەموارى یاسای بودجەى گشتى عێراق لە 2ـى شوباتى 2025، بڕیارە هەناردەکردنەوەى نەوت بەهەمان بۆریدا دەستپێبکاتەوە.
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەکەى، سوودانى پەرۆشى حکومەتەکەى دووپاتکردووەتەوە بۆ بەهێزکردنى هاریکاریى هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیاکانى تورکیا لە بوارە جیاوازەکان و کەرتى وزە کە هەوڵى فرەچەشنکردنى سەرچاوەکانى دەدات لەوانە زیادکردنى هاوردەى کارەبا.
لە کۆبوونەوەى وەزیرى وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانى تورکیا لەگەڵ لەگەڵ زیاد عەلى فازل، وەزیرى کارەباى عێراق، رێککەوتن بۆ زیادکردنى بڕى کارەباى هاوردەکراو بۆ عێراق بۆ 600 مێگاوت کرا کە دوو ئەوندەى بڕى پێشوویەتى.