وردەکاریی یاسای کۆڵبەری کە پەرلەمانی ئێران پەسندی کرد؛ شارە سنوورییەکانیش دەگرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسای کۆڵبەریی پەسندکرد و حکومەتی راسپارد یاساکە جێبەجێ بکات؛ کە بەهۆیەوە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان دەتوانن لە دەروازەی سنووریی نیمچە فەرمییەکانەوە کەلوپەل هاوردەی ئێران بکەن، هەروەها رێگە بە کۆڵبەران دەدات، کەلوپەل تاوەکو نێو شارەکانی نزیک سنوور بگوازنەوە. 
 
ئەم یاسایە کە تایبەتە بە کۆڵبەری، لە کرماشان، سنە و ورمێ جێبەجێ دەکرێت، لە ماوەی پێنج ساڵدا دەبێت حکومەت ناوچە سنوورییەکان پێش بخات، هەلی کار بۆ ئەو خەڵکە نەدارە پەیدا بکات کە بەناچاری کۆڵبەری دەکەن.
 
ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران رۆژی (شەممە، 16-3-2024) پڕۆژەیاساکەی پەسند کرد، دوای ئەوەی چەندین جار لەنێوان پەرلەمان و ئەو ئەنجوومەنەدا هاتووچۆی پێکرا.
 
مەهدی تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران لەبارەی پڕۆژەیاساکەوە دەڵێ "ئەم پڕۆژەیاسایە لە قۆناخەکانی پێشوودا هەندێ کێشە و ناڕوونیی هەبوو، بەڵام دوای ئاڵوگۆڕکردنی لەنێوان پەرلەمان و ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران، دەتوانم رایبگەیەنم کە پڕۆژەیاساکە پەسند کرا."
 
بەپێی ئەو یاسایە، دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان دەتوانن لە دەروازە سنوورییە نیمچە فەرمییەکانەوە کەلوپەل هاوردە بکەن. یاساکە رێگە بە کۆڵبەران دەدات، کەلوپەل تاوەکو نێو شارەکانی نزیک سنوور بگوازنەوە و هاووڵاتیش دەتوانێت بە تاک کەلوپەلی هاوردەکراو بکڕێت.
 
بەپێی یاسا و رێوشوێنە پیشەسازی و بازرگانییەکانی حکومەت، دەستنیشان دەکرێت کۆڵبەرەکان چ جۆرە کاڵایەک هاوردە دەکەن. 
 
ئەم یاسایە لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ورمێ جێبەجێ دەکرێت. پێشتر شەهریار حەیدەری، نوێنەری قەسری شیرین لە پەرلەمان گوتبووی؛ یاساکە تەنیا گوندەکان دەگرتەوە، بەڵام ئێستا شارە سنوورییەکانیش دەگرێتەوە، بۆیە پێیوایە "لە رووی ئابوورییەوە یارمەتیدەر دەبێت."
 
ئەم یاسایە بۆ ماوەی 5 ساڵ جێبەجێ دەکرێت. لەو ماوەیەدا دەبێت حکومەت ناوچە سنوورییەکان لەڕووی ئابوورییەوە پێش بخات و هەلی کاری باش بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی دوای ئەو پێنج ساڵە کۆڵبەری نەمێنێت. 
 
ئێستا خەڵک لە شارەکانی دوور لە سنووریش بەهۆی دۆخی خراپی بژێوییانەوە، بۆ کۆڵبەری روو لە سنوورەکان دەکەن، بەپێی یاساکە ئەوان کێشەیان بۆ دروست دەبێت.
 
کردنەوەی بازاڕچەی نیمچەفەرمیش لەسەر سنوور، هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی پێویستە. مانگی 10 ساڵی رابردوو بەرپرسانی پارێزگای سنە لەلایەن خۆیانەوە دەروازەی سنووری هەنگەژاڵی بانەیان کردەوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت دیسان داخرایەوە.
 
ئێستا ژمارەی تەواوی کۆڵبەرەکان روون نییە، بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا تووندوتیژی و گوشار بەرامبەریان زۆر زیادی کرد. لە ناوچەی هەورامان و جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان لە ساڵی 2023ـدا 6 کۆڵبەر گیانیان لەدەست دا، بەڵام تەنیا لە دوو مانگ و نیوی ئەمساڵدا 4 کۆڵبەر کوژراون و 96 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
حکومەتی ئێران ساڵی 2017 دەروازە کۆڵبەرییەکانی داخست و گوتی؛ کۆڵبەری رێکدەخرێت، بەڵام کۆڵبەریی هەر بەردەوامە.