رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە هەشت فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی لە سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد و داوای مووچە دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی دەرگاکەی داخستووە، قەرەباڵخیەکی زۆر لە بەردەمیا دروستبووە، هەموو شۆفێرن، زۆریان ساڵیانەکەیان لەوێیە و هاتوون وەریگرنەوە.
مەنسوڕ حەسەن، شۆفێری بارهەڵگرە و دەڵێت، "ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرم هەیە و لەمەرزی پشتە باری تێدایە بیبەم بۆ کەربەلا، لە هاتووچۆی سلێمانییەوە نوسراوم بۆ کراوە رۆژی یەکشەممە بێمەوە بۆ وەرگرتنەوەی ساڵیانەکەم، ئێستاش بایکۆتە و نەمتوانی وەریبگرمەوە، ئایا ئەگەر بەم نوسراوەوە بچم بۆ کەربەلا و داوای ساڵیانەم لێبکەن ئەم نوسراوە پەسند دەکەن؟"
سەتان کەسی دیکە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکە وەستابوون، کە هەریەکەیان لە ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە هاتبوون و بەدەستی بەتاڵ گەڕانەوە.
تاریق مەحموود، شۆفێرێکی دیکەیە و دەڵێت: "لەکەرکوکەوە هاتووم و بەڕۆژووم، ئەمە حاڵە لە کاژێر پێنجی بەیانییەوە هاتووم و بایکۆتە."
رەسووڵ جەلال شۆفێرێکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەکات: "کە مووچە نەدراوە دەسەڵاتی ئێمەی تێدا نییە، دەبوو هەر شەوی رابردوو ئاگاداری خەڵکیان بکردایە کە بایکۆتە."
سابیر حوسێن، شۆفێرە باس لەوە دەکات: "کۆدم وەرگرتووە بۆئەوەی ئەمڕۆ نۆرەم بێت، بەڵام بە ناڕەحەتی دەتوانم دووبارە کۆد وەربگرمەوە."
زیاد ئیسماعیل لە بەغداوە هاتووە و دەڵێت: "ئێمە لە بەغداوە هاتووین، هەفتەی پێشوو هاتم کارەکانم تەواو نەبوو، گوتیان کاژێر 12 دەوام تەواو دەبێت، ئەمڕۆ دیسان هاتووم کاژێر 2:00ی شەو دەرچووم و 5 کاژێر بە رێگەی بەغدا - سلێمانییەوە بووم، رێگەکەش زۆر خراپە."
لەپاش راگەیاندنی بایکۆتی هاتووچۆی سلێمانی، بایکۆت لە چەند فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکی دیکەی سلێمانی دەستیپێکرد، لە نموونەی دابەشکردنی کارەبای رۆژئاوا، ئاو، دادنووسی بەکرەجۆ، مەڵبەندی تەندروستی سەروەری، قوتابخانەی گەڕەزیل لە قەرەداخ، خانەنشینی پێشمەرگە، بەشی زەویوزار لە کشتوکاڵ.
ئاراس مەحموود، خانەنشینی پێشمەرگەیە و دەڵێت، "هاتووم بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە و بایکۆتە، دەستخۆشی لە فەرمانبەرەکان دەکەم، هەرکاتێکیش مووچە وەردەگرن دەبێت دەستیان لەسەر دڵیان بێت 60 بۆ 70 رۆژ تاوەکو مووچەیەکی دیکە وەردەگرن."
ئەم بایکۆتە لەکاتێکدایە نزیکەی مانگ و نیوێک پێش ئێستا مووچەی مانگی یەکی ساڵی 2024 دابەشکراوە و سێ مووچەی ساڵی 2023ش دابەشنەکراون، فەرمانبەرەکان دەڵێن، تاوەکو مووچەی ئەم مانگە وەرنەگرین بایکۆت ناشکێنین.
جگە لە بایکۆتی مامۆستایان، ئەمە دووەم جارە لەساڵی 2024دا بەشێک لە فەرمانبەرانی سلێمانی بایکۆت بۆ مووچەکانیان بکەن، جاری یەکەم لەپاش چوار رۆژ لە بایکۆت، لیستی مووچەی مانگی یەک راگەیێندرا، ئەمجارە تاوەکو ئێستا دیارنییە کەی لیستی مووچەی مانگی دوو رادەگەیێندرێت و بایکۆت کۆتایی پێ دێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ