سێ پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین رێژەی بێکارییان لە ئێراندا تۆمارکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

ناوەندی ئاماری ئێران رێژەی بێکاری لە پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و سێ پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان لە ریزی ئەو پێنج پارێزگایانەن کە زۆرترین رێژەی بێکارییان تێدایە.
 
رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئاداری 2024، ناوەندی ئاماری ئێران رێژەی بێکاریی لە پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "رێژەی بێکاری لەنێو ئەو ژنانەی زانکۆیان تەواوکردووە دوو هێندە بەرزبووەتەوە".
 
ناوەندی ئاماری ئێران بڵاویکردووەتەوە، "رێژەی ئەو ژنانەی کار دەکەن، 14٪ـی رێژەی پیاوانی خاوەن کارە، واتا لە بەرامبەر 100 پیاوی خاوەن کاردا، تەنیا 14 ژن کاریان هەیە".
 
بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، رۆڵی ژنان لە بازاڕی کار بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە و سەرباری ئەو گیر و گرفتانەی بەهۆی نەریتە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆیان دروستدەبێت، ئەگەر مافی کارکردنیشیان پێبدرێت رێژەیەکی کەمیان کاریان دەستدەکەوێت و ئەوانەش کە پێشتر کاریان هەبووە، بەشێکیان دەستیان پێ لە کار کێشاونەتەوە و کراون بە ژنی ماڵ.
 
لەبارەی رێژەی بێکاری لە پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو ناوەندە ناوی پێنج پارێزگای بڵاوکردووەتەوە کە زیاترین رێژەی بێکارییان هەیە و ناوی سێ پارێزگای رۆژهەڵات لەنێو ئەو پارێزگایانەدایە.
 
وەکو لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێدراوە؛ "پارێزگای لوڕستان بە رێژەی 11.6٪، پارێزگای کرماشان بە رێژەی 11.2٪ و پارێزگای سنە بە رێژەی 9.7٪ لە ریزی پێشەوەی بێکارترین پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانن.
 
لەو راپۆرتەدا پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە رێژەی 13.5٪ بێکاریی لە ریزی هەرە پێشەوەی سەرجەم پارێزگاکانی ئێراندایە و لەبارەی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە نووسراوە، ئەم پارێزگایە بە تۆمارکردنی 5.7٪ بێکاری پێنجەم پارێزگایە لەسەر ئاستی ئێران کە کەمترین رێژەی بێکاری تێدا تۆمارکراوە.