لە دهۆک بەهۆی مانگی رەمەزانەوە ئاهەنگی نەورۆز ناکرێت؛ 'چرایەک لە ماڵەکانتان دابگیرسێنن'
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری لە پارێزگای دهۆک داوا لە هاونیشتمانییان دەکات بەهۆی مانگی رەمەزانەوە بە داگیرساندنی چرایەک لە ماڵەکەیاندا بەشداریی لە نەورۆزی ئەم ساڵدا بکەن.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاگارداری ھاونیشتمانییان دەکاتەوە کە لە لووتکەکانی (کێلیا شەدا)، (کێلیا فرعینی) و (چیای زاوا) رێوڕەسمی داگیرساندنی ئاگری نەورۆز دەبێت، بەڵام "بەھۆی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە، تەنیا ئاگر دادەگیرسێندرێت."
حەسەن فەتاح، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و ھونەری لە دھۆک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رێوڕەسمی داگیرساندنی ئاگر کاژێر 6:30 دەبێت و ئامادەکاریی پێویست کراوە".
گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و ھونەری داواش لە خەڵک دەکات پاراستنی ژینگە لەبەرچاو بگرن.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی و بەهار کە لە 21ـی ئادار دەستپێدەکات، لە ئێوارەی رۆژی 20ـی ئادارەوە لە سەرانسەری کوردستانی گەورە - باکوور، باشوور، رۆژهەڵات، رۆژئاوا و کوردستانی سوور - ئاهەنگی جەژنی نەورۆز سازدەکرێت.
ساڵی 2010 نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی 21ی ئاداری به رۆژی جیهانیی جهژنی نهورۆز ناساند.
بەپێی رێکخراوی یونسکۆ، زیاتر لە 300 ملیۆن کەس لە جیهاندا یادی نەورۆز دەکەنەوە، ئەو رێکخراوە لە ساڵی 2009دا جەژنی نەورۆزی خستە نێو لیستی کولتوورە فەرهەنگییە نامادییەکان و زیاتر لە 11 نەتەوەش یادی دەکەنەوە.