دەمیرتاش پێنج ساڵ لەدوای ئۆجەلانە

رووداو دیجیتاڵ

شەممە 16-03-2024، لە نامەیەکیدا، کە بۆ کۆنفڕانسی (چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی) نووسیوە، سەلاحەدین دەمیرتاش، سەبارەت بە پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا دەڵێت "یەکەمین موخاتەبی ئەو پرسە، بەڕێزان ئەردۆغان و ئۆجەلانن".
 
لای سەلاحەدین دەمیرتاش، عەبدوڵڵا ئۆجەلان یەکێکە لە رێبەرانی کورد. لە فەرهەنگی رێبەراییەتیش، بۆچوونی جیا لەگەڵ رێبەر، هەندێک کاری نەکردەیە. بەڵام لەسەر پشتگیریکردنی جەهەپە، ساڵی 2019 دەمیرتاش لەگەڵ ئۆجەلان بۆچوونی جیا بوو. لەسەر پشتگیری نەکردنی لە ئاکپارتیش، ئەردۆغان دوای هەڵبژاردن گوتی "ئۆجەلان حەق و حیسابێکی گەورە لەگەڵ دەمیرتاش دەکات".
 
دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019ـی باکووری کوردستان و تورکیا، تازە سەلاحەدین دەمیرتاش هاتووەتە سەر ئەو باوەڕەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە پێی وابوو "نابێت کورد ببنە بەشێک لە ململانێی نێوان ئاکەپە و جەهەپە".
 
ئەو کاتەی کورد داشی سوار بوو
 
بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بوو. ئاکپارتی لە ئیستەنبووڵ و چەندان شاری دیکە دۆخی خراپ بوو. بەپێی ئەنجامی راپرسییەکان، بەشێکی زۆری سەرۆک شارەوانییەکانی لەدەست دەدا. ئاکپارتی لەپێناو راستبوونەوە، وەک دوا ئومێد، سەرباری مەهەپەی هاوپەیمانی، هاواری بۆ کورد کرد.
 
باسی بەر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019 دەکەم. ئەو هەڵبژاردنەی ئەردۆغان دوای 25 ساڵ دەسەڵاتداربوونی بەسەر ئیستەنبووڵ، ئیدی شارەکە دەکەوتە دەست جەهەپەی رکابەری سەرسەختی.
 
ئەنجامی راپرسییەکان، ئاکپارتیان لە شکستێکی گەورە ئاگادار کردبووەوە. ئەمە وایکرد، بە ناڕاستەوخۆ داوای هاوکاری لە کورد بکەن. بۆ ئەمەش روویان لە ئیمراڵی کردەوە. لەلایەکی دیکەش لە دەرگای سەلاحەدین دەمیرتاشیان دا.
 
عەلی کەمال ئۆزجان چووبووە ئیمراڵی و نامەیەکی ئۆجەلانی ‌هێنابوو. ئەو نامەیەی کرۆکەکەی ئەم دێڕە بوو "خۆتان بەلای هیچ لایەنێکدا مەدەن". ئۆجەلان مەبەستی بوو بە دەنگدەری کورد بڵێ: مەبنە لایەنێک بۆ یەکلایی کردنەوەی ململانێی هەڵبژاردن. کورد نەدەبووە لایەنێک، بەڵام گومانی تێدا نییە، گەر وایان کردبا، ئەنجامەکەی لەبەرژەوەندیی ئاکپارتی دەبوو. 
 
پێچەوانەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەلاحەدین دەمیرتاش، مکوڕ بوو لە پشتگیریکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو و بەربژێرانی جەهەپە. ئەمەشی بە ئاشکرا دەکرد، بۆیە لە ئیدرنە دەرگای بەرووی داواکارییەکانی دەسەڵات داخست.
 
هەڵبژاردن کرا و دواجار کوردی ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە، بە گوێی سەرکردە گەنجەکەیان کرد، نەوەک پیرەکە.
 
بەگوێکردنی دەمیرتاش و پشتکردن لە داواکەی ئۆجەلان، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی، بە دەنگی کورد کردە سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵ و، ئەنتاڵیا و مێرسین و ئەنقەرە و ئەدەنەشی لە ژێر دەستی مەهەپە و ئاکپارتی دەرهێنا و پێشکێشی جەهەپەی کرد.
 
ئاکپارتی کۆمەڵێک شاری گەورەی بە دەنگی کورد لەدەستدا، ئەمە وایکرد لە جێبەجێکردنی قەیووم بەسەر شارەوانییە کوردییەکان سڵ نەکاتەوە. بۆیە لە کۆی ئەو سێ گەورە شارەوانییەی لە هەڵبژاردنی 2019 هەدەپە بردبوویەوە، بە قەیووم لێی سەندرا.
 
ئەو کاتەی ئاکپارتی داشی سوارە
 
31ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت. ئاکپارتی ئەمجارەش پێویستی بە دەنگی کوردە، بەڵام نەک هێندەی پێنج ساڵ لەمەوبەر، چونکە ئەمجارە بەرەی ئۆپۆزسیۆن پەرت و لاوازە و لە ئیستەنبووڵیش زۆربەی پارتەکان بەربژێری خۆیان هەیە.
 
ئەمجارە کورد، دەستپێشخەری سەردەمێکی نوێی کرد. ئەو دەنگە لە یەکێک لە لادێکانی باکووری کوردستان، لەلایەن سیاسەتمەدارێکی بێدەنگی کاریگەری وەک لەیلا زاناوە هات "ئیدی کاتی ئەوەیە ئەردۆغان پێڤاژۆی ئاشتی لەنێو دۆڵابی ساردکەرەوە دەربهێنێت و زیندوو بکرێتەوە".
 
لە دوای زانا، پیرە سیاسەتمەداری باکووری کوردستان ئەحمەد تورک، هاتە دەنگ و ئەویش خواستی دەستپێکردنەوەی سەردەمێکی نوێی لەگەڵ حکومەت وەها هێنا زمان "لەناو تورک، تەنیا ئەردۆغان دەتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات".
 
لە دوای ئەحمەد تورک، سەلاحەدین دەمیرتاش نامەیەکی بە باشاک دەمیرتاشی خێزانی بۆ دەنگدەرانی پارتەکەی ناردبوو. ئەو، پێچەوانەی پێنج ساڵ بەر لە ئێستا، ئیدی پشتگیری لە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو ناکات، هەر ئەوەندەش نا، بەڵکو وەک خۆی گوتبووی "بۆ چارەکردنی پرسی کورد، لەگەڵ هەموو لایەنێک کۆدەبینەوە، کە ویستی چارەکردنی ئەو کێشەیان هەیە".
 
دوای ماوەیەکی پڕ لە کێشمەکێش، دەم پارتی بڕیاریدا بەربژێری هەبێت بۆ ئیستەنبووڵ. ئەم هەنگاوە لە یەک کاتدا، نە دڵی جەهەپەی خۆش کرد، نە دڵی ئاکپارتی؛ چونکە ئاکپارتی خوازیاری ئەوەبوو باشاک دەمیرتاش ببێتە بەربژێریان، چونکە ئەوسا دەرچوونی بەربژێرەکەی ئاکپارتی کاری ئاسانتر دەبوو. لەلایەکی دیکەش، جەهەپە نیگەرانە لەوەی، دەم پارتی بەربژێری بۆ ئیستەنبووڵ هەیە و لە دەنگی بەربژێرەکەی ئەو دەبات. 
 
لە ئیستەنبووڵ کورد وەک پێویست وانەی لە هەڵەی پێنج ساڵ پێش ئێستای وەرنەگرتووە. چونکە ئەنجامی راپرسییەکان دەریدەخەن، بوونی بەربژێری دەم پارتی و لێدوانی سەرکردەکانی، وەک پێویست دەنگەکانی دەمیان بۆ مەراڵ دانش و موڕاد چەپنی نەگەڕاندووەتەوە. چونکە تائێستاش، بەشێکی زۆری دەنگدەری کورد، بڕیارە دەنگ بە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو بدەن.
 
جا کە دۆخی کورد و پارتەکەی وەها بێت و تائێستا ئۆجەلان قسەیەکی نەکردبێت، رەنگبێت پەیامێکی ئۆجەلان، بتوانێت دۆخەکە بەلایەکدا بخات و ببێتە هۆکارێکیش بۆ دەستپێکی سەردەمێکی نوێ لە نێوان کورد و حکومەتی تورکیا. رەنگبێت دەستپێکی قۆناخێکی نوێ ئەوەندەش دوورنەبێت، چونکە دەنگۆی ئەوە زۆرە کە دەڵێن "گەر ئاکپارتی ئیستەنبووڵ بباتەوە، سەردەمێکی نوێ لە نێوان حکومەت و دەم پارتی دەستپێدەکات". گەر شارەکانی دیکەش بباتەوە، ئەمجارە شارەوانییە کوردییەکان قەیووم ناکات.