پارێزگاری ورمێ: 93%ی خانووە زیانبەرکەوتووەکانی بوومەلەرزە چاککراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ورمێ دەڵێت، 93%ی ئەو خانووانەی شاری خۆی کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی ئەو پارێزگایەوە رووخان یان زیانیان بەرکەوت، نۆژەن کراونەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، دروستکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی خانووەکانی ئەو ناوچەیە هێندە خێرا بووە کە بووەتە شتێکی نموونەیی.
محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێ دەڵێت، لە کۆی 3220 خانوو، کە لە بوومەلەرزەکاندا رووخابوون یان زیانیان بەرکەوتبوو، تەنیا 132 خانوو ماون کە دروستبکرێنەوە یان نۆژەن بکرێنەوە.
بە گوتەی محەممەد سادق موعتەمدیان، دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی 2500 خانوو تەواو بووە.
سێ بوومەلەرزە لە رۆژەکانی 05-10-2022 و 18-01-2023 و 28-01-2023 ناوچەی خۆی-یان لە باکووری پارێزگای ورمێ هەژاند؛ گوڕی ئەو بوومەلەرزانە زیاتر لە 5 پلەی ریختەر بوو و لە ئەنجامدا نزیکەی 30 هەزار خانوو رووخان یان زیانیان بەرکەوت.
لەو بوومەلەرزانەدا نزیکەی 2500 کەس بریندار بوون و 3 کەسیش گیانیان لەدەستدا.
دوای بوومەلەرزەکان بەرپرسانی پارێزگای ورمێ رایانگەیاند، تەواوی هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی زوو خانووەکان دروستبکەنەوە و نۆژەن بکەنەوە.
محەممەد سادق موعتەمدیان رۆژی 24-11-2023 گوتی، تاوەکو 45 رۆژی دیکە نۆژەنکردنەوەی خانووە رووخاو و زیانبەرکەوتووەکانی باکووری پارێزگای ورمێ تەواو دەبێت.