دایک و کچێک دوای لافاوەکەی سەمسوور بێسەروشوێنن و تیمەکان بەدوایاندا دەگەڕێن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان تیمەکان بەدوای دایکێک و کچە دوو ساڵانەکەیدا دەگەڕێن، کە لەدوای لافاوەکەی رۆژی چوارشەممەوە بێسەروشوێنن.
 
فاتمە تەکداڵ و زەینەب زومرە تەکداڵی کچی کە تەمەنی دوو ساڵانە، نیشتەجێی شارۆچکەی "توت" بوون لە پارێزگای سەمسوور، ئەوان کە لە بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات ماڵەکەیان زیانی پێگەیشتبوو، لە باخچەی ماڵەکەیاندا لەنێو کۆنتێنەرێکدا دەمانەوە، لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 15ی ئاداری 2023وە بەهۆی دروستبوونی لافاو بێسەروشوێنن و تائێستا نەدۆزراونەتەوە.
 
لە کاتێکدا هەشت کەس کە لەنێو کۆنتێنەرەکەدا دەمانەوە بە تواناکانی خۆیان رزگاریان بوو، چوار کەسەکەی دیکە بەر لافاوەکە کەوتن.
 
هەمان رۆژ لەلایەن تیمەکانەوە تەرمی سەلما ساریکایا و ئەمینە ساریکایای کچی دۆزرانەوە، هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە فاتمە تەکداڵ و زەینەب زومرە تەکداڵی کچی بە بەشداریی 160 کەس لە تیمەکانی فریاکەوتنی پۆلیسی ژێردەریایی بەردەوامە.