بەدواداچوونی رووداو؛ کاپتنی هێلیکۆپتەرە تێکشکاوەکەی دهۆک شەڕڤانی هەسەدە بووە

17-03-2023
ساڵح قادر @salihqadr
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، کاپتنی ئەو هێلیکۆپتەرەی شەوی چوارشەممە لە ناوچەی چەمانکێی سەر بە پارێزگای دهۆک کەوتەخوارەوە، شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، کاپتنی هێلیکۆپەرەکە ناوی "عەبدۆ مستەفا عەبدی"یە و ناسراوە بە "شەڕڤان عەبدی"، لە دژە تیرۆری سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە کاری کردووە.

کاژێر 08:40 خولەکی شەوی 15-03-2023 هێلیکۆپتەرێک لە گوندی بێرکیان لە ناحیەی چەمانکێ لە سنووری دهۆک کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا.

هێشتا هیچ هێز و لایەنێک خۆی نەکردووەتە خاوەنی هێلیکۆپتەرەکە. تورکیا و هاوپەیمانان هەر زوو رەتیانکردەوە کە هێلیکۆپتەرەکە هی ئەوان بووبێت. ئێستا زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، کە هێلیکۆپتەرەکە گەریلای پەکەکە یان شەڕڤانی هەسەدەی تێدا بووبێت.

دژەتیرۆری کوردستان لە پەڕەی فەیسبووکەکەی بڵاویکردەوە، کە "هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە بەدواداچوون لەو بارەوە کرد و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەوەیان ئاشکرا کرد، کە هێلیکۆپتەرەکە لە جۆری Eurocopter AS350 بووە و چەند سەرنشینێک لەوانەی گیانیان لەدەست داوە چەکدارانی پەکەکە بوون."

لەلایەکی دیکەوە زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی پەکەکە بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی گوتووە، هێلیکۆپتەرەکە هی ئەوان نییە و "ئێمەش لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەین." هاوکات، باسی لەوە کردووە ئەوانەی لەنێو هێلیکۆپتەرەکە بوون، "گەریلای پەکەکە نەبوون."

زاگرۆس هیوا ئاماژەی بەوە کردووە: "دەکرێت هێلیکۆپتەرەکە هی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بووبێت، کە شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل -یەپەگەیان هەڵگرتبێت."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، حەوت کەس لەنێو هێلیکۆپتەرەکەدا بوون کە سێ ژن و چوار پیاو بوون و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە. لەسەر ئاستی جیاوازیش لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە دەکرێت.

تەرمی قوربانییەکان گواستراونەتەوە بۆ داد پزیشکیی دهۆک، بەڵام تاوەکو ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو شەڕڤان عەبدی، کەسێکی نزیکی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە بووە، پێشتر لە ئۆکراینا ژیاوە و ساڵی 2013 گەڕاوەتەوە رۆژئاوای کوردستان.

هەروەها شەڕڤان عەبدی، بەشداری لە شەڕی سەر گرتووخانەی غوێران کردووە و لەوێ بریندار بووە.

رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2022، چەکدارانی داعش لە گرتووخانەی غوێران لە رۆژئاوای کوردستان یاخی بوون و هەوڵی شکاندنی گرتووخانەکەیان دا، دوای هەفتەیەک لە شەڕ، هەسەدە توانی دەست بەسەر گرتووخانەکەدا بگرێتەوە.

هەر بەپێی بەدواداچوونی رووداو، چەندین کەس لە رۆژئاوای کوردستان وێنەی شەڕڤان عەبدیان لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە، لەوانە نازی عەبدی، لەگەڵ وێنەکەدا نووسیویەتی "فەرماندە". دارا عەبدیش لەسەر وێنەکەی شەڕڤان عەبدی نووسیویەتی: "شەهید نامرن."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە